کەی بەرپرسە یەکێتییەکان فێردەبن کە پێویستە خاوەنی دونیابینیی و هێڵی سیاسیی خۆیان بن و دوربکەونەوە لەو هێڵانەی پارتیی دایاندەڕێژێ ؟ بەهێزیی هەر حیزبێک لەوەدایە خۆی خاوەنی بناغەیەکی پتەوی سیاسیی بێت. بەڕاستیی کارەساتە کە دەبینین قوباد تاڵەبانیی ناتوانێت سەرکردایەتیی حیزبەکەی بکات لەناو حکومەتی هەرێمدا و دژایەتیی وەزیرەکانی خۆی دەکات بۆ رازیکردنی دڵی مەسرور بارزانیی و پارتیی.
ئەگەر لە رابردودا قوباد تاڵەبانیی دڵی پارتیی رازیکردبێت و دژی حیزبەکەی بوبێت بە بیانوی ئەوەی حیزبەکەی توندن بەرانبەر ماڵی بارزانیی و جەنابیان ویستویەتی کەسی هێورکەرەوە بێت، ئەوا دەبوایە ئەو روەی خۆی نیشانی مەسرور بارزانییش بدابوایە کە پارتیی دەهۆڵی شەڕ دەکوتێت دژ بە پەکەکە.
بۆ یەکەم جارە وەزیرەکانی یەکێتیی و تەنانەت یەکێتییش هەڵوێستێکی مەبدەئیی نیشاندەدەن بەرانبەر پارتیی، هەڵوێستێکی جدییە بۆ رێگرتن لە شەڕی براکوژی، کەچی قوباد تاڵەبانیی خۆی لە وەزیرەکانی توڕە دەکات لە بەرانبەر هەڵوێستیان بەرانبەر مەسرور بارزانیی. ئاخر پارتیی و مەسرور بارزانیی چۆن نرخ و بەها بۆ جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیرەکان و یەکیتیی و گۆڕان و خەڵکی کوردستان دابنێن کاتێک بەرپرسانی یەکێتیی لە چوارچێوەی ئەو بازنەیە دەجوڵێنەوە کە پارتیی بۆیان دیاردەکات.
قوباد تاڵەبانی پێویستە خۆی نەکاتە قوربانیی شەڕێکی بەوەکالەتی پارتیی و سیاسەتەکانی پارتیی ئەگەر دەیەوێت بانگەشەی ریفۆرم و حوکمڕانیی تەندروست بکات. هەرکەسێک بیەوێت سیاسەت بکات، ناکرێت لە حکومەت بێت و هیچ حیسابێكیش بۆ حیزبەکەی و لایەنگران و ئەندامانی نەکات.
بەرانبەرەکانی پارتی لە ململانێی سیاسییدا لەرزۆک و ترسنۆک و بەرژەوەندیخوازن
لە راستییدا وانییە، ئەوەی وا دەکات پارتیی پارلەمان دابخات و ریفراندۆم بێ گەڕانەوە بۆ ئەوانیدی بکا و رۆژێک دژ بە بەغداد بێت و رۆژێک لەگەڵ ئەل-فەتح هاوپەیمانێتیی بکات و هەرکەسێکیش لەو چوارچێوەیە کارینەکرد تەخوین بکرێت، هۆکارەکەی ئەوەیە بەرانبەرەکانی پارتیی لە ململانێی سیاسییدا لەرزۆک و ترسنۆک و بەرژەوەندیخوازن.
نە گۆڕان و نە یەکێتیی و نە ئیسلامییەکان ناتوانن بەسەرکەوتویی ململانێی پارتیی بکەن کە هێڵی سیاسیی و دونیابینیی خۆیان جیانەکەنەوە و سورنەبن لەسەر بەجێگەیاندن و بەدیهێنانی پەیمانەکانیان. ئەگەر بڕیارە هەموان تەسلیمی پارتیی ببن، بۆچی نابنە بەشێک لە حیزبەکە بۆ ئەوەی هێزی تر دروستببن و ململانێی سیاسیی لە کوردستاندا بکەوێتە خزمەتی سیاسەت و خەڵکی کوردستان؟