یه‌كخستنه‌وه‌ى عێراق له‌ چوار فیدراڵیه‌تدا

پرۆژه‌كه‌ی بایدن.. ڕاستكردنه‌وه‌ی سێ هه‌ڵه‌

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2020.11.10 05:03 PM
795 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

د.ئارام ڕه‌فعه‌ت
لە ١ی ئایاری ٢٠٠٦دا جۆ بایدن و لەزلی گێڵب پرۆژەیه‌کیان لە نیویۆرک تایمزدا دەربارەی فیدراڵیزەکردنی عێڕاق بڵاوکردەوە. دوای سەرکەوتنی بایدن لە هەڵبژاردنەکاندا، جارێکی تر پرۆژەکەی بووە جێگای مشتومڕی سۆشیال میدیای کوردی. لەمیانەی مشتومڕەکەدا سێ هەڵەی زەق رەواجی پێدەدرێت، هەوڵ دەدەم ئەو سێ هەڵەیە راست بکەمەوە.
هەڵەی یەکەم:
پرۆژەکەی بایدن بۆ دابەشکردنی عێڕاقە بەسەر سێ وڵاتدا.
ئەم تێگەییشتنە تەواو پێچەوانەی پرۆژەکەی بایدنە.
بایدن چی دەڵێت؟
ـ پرۆژەکەی بەناوی "یەکێتی لە رێگای ئۆتۆنۆمیی لە عێڕاق"ە. ناوەرۆکی پرۆژەکەشی رێک رەنگدانەوەی ناونیشانەکەیەتی.
ـ  پرۆژەکە لە پێنج بڕگە پێک هاتووە، هەموو بڕگەکان پێداگری لەسەر بە فیدراڵیزەکردنی عێڕاقە نەک دابەشکردنی.
ـ پرۆژەکە بە ئەزموونی کۆسۆڤۆ و رێککەوتنامەی دایتۆن دەست پێدەکات کە جۆرێک لە خۆسەری دایە سربی و ئەلبانی و کرواتی و بەمجۆرە هەم کۆتایی بە شەڕ و ماڵوێرانی هات و هەم کۆسۆڤۆش بەیەکگرتوویی مایەوە.
ـ بەهەمان شێوەی کۆسۆڤۆ پرۆژەکە داوای چوار هەرێمی فیدڕاڵی بۆ عێڕاق دەکات، کوردستان و ناوچە سوننی و شیعیەکان لەگەڵ بەغداش وەک هەرێمێکی هاوبەش.
ـ  پاراستنی سنوور و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ئیدارەی نەوت دەداتە بەغدا و باقی دەسەڵاتەکان بۆ ئەو سێ هەرێمە جێدێڵێت.
ـ  پرۆژەکە ئاماژە بە یاسای فیدڕاڵی دەستوری عێڕاقیش دەکات.
ـ  بۆ ناوچە کێشە لەسەرەکان داوای هێزی نێونەتەوەیی دەکات بۆ جیاکردنەوەی ناوچەکان.
ـ  باقی پرۆژەکەش رۆڵ و ئەرکی ئەمریکا دەستنیشان دەکات.

پرۆژەکەى بایدن لە پێنج بڕگە پێکهاتووە و پێداگری لەسەر فیدراڵیزەکردنی عێڕاقە نەک دابەشکردنی

 

بەمجۆرە، پرۆژەکەی بایدن دابەشکردنی عێڕاق نییە بۆ سێ وڵات، بەڵکو دابەشکرندییەتی بۆ چوار فیدڕاڵی سوننە و شیعە و کوردستان و بەغدا، تەنانەت، لە وەڵامی رایان کرۆکەر سەفیری پێشوی ئەمریکا لە عێڕاق کە گوتبووی بایدن دەیەوێت عێڕاق دابەش بکات بە توندی بەرپەچی دەداتەوە.
هەڵەی دووەم:
بایدن دەسبەرداری پڕۆژەکەی بووە.
ئەمە یەکێکی ترە لەو هەڵانەی هەندێک نوسەری کورد. لەراستیدا یەکێک لە گەورەترین کار و پرۆژە جوانەکانی بایدن دەرهەق بە عێڕاق بە یاساکردنی پرۆژەکەی بوو.
ـ  بایدن لە ٢٦ی ئەیلولی ٢٠٠٧ پرۆژەکەی بردە سێناتی ئەمریکا و وەک بڕیارێکی پابەند نەبوو لە لایەن سێناتەوە بە دەنگی ٧٥ سێنات و نارەزایی ٢٣ سێنات و دەنگنەدانی دوو سێنات تێپەڕێندرا.
ـ بڕیارەکەی سێنات هەمان پرۆژەکەی بایدنە.\

گەورەترین رێگر لە بەردەم پرۆژەکەی بایدندا سوننەکانی عێڕاق بوون كه هێشتا ئومێدی سەپاندنەوەی دەسەڵاتیان بەسەر عێڕاقدا لە دەستنەدابوو

🔻 هۆکاری جێبەجێ نەکردنی بڕیارەکە، لە کاتی خۆیدا:
ـ ئەو ٢٣ سێناتەی دژی بوون هەموویان کۆمارییەکان بوون و بەهەمان شێوە جۆرج بۆشیش لە کۆماریەکان بوو.
ـ جۆرج بۆش پێویستی بە سەرکەوتنێک بوو، ئەم پرۆژەیەش سەرکەوتنەکەی بۆشی لە کەدار دەکرد.
ـ لەو سەردەمدا گەورەترین رێگر لە بەردەم پرۆژەکەی بایدندا سوننەکانی عێڕاق بوون و هێشتا ئومێدی سەپاندنەوەی دەسەڵاتیان بەسەر عێڕاقدا لە دەست نەدابوو.
هەڵەی سێیەم:
پرۆژەکەی بایدن لەبارچووە و کۆتایی هاتووە. ئەم تێگەییشتنەش هەڵەیە، لەبەر ئەم هۆکارانە.
ـ ئەو بڕیارانەی لە لایەن سێناتەوە دەردەچن، مەرج نییە دەسبەجێ جێبەجێکرێن، بەڵام هەمیشە وەک پلانی B و لەکاتی خۆیدا پەنای بۆ دەبرێت.

پرۆژەکەی بایدن دابەشکردنی عێڕاقه‌ بۆ چوار فیدڕاڵی سوننە و شیعە و کورد و بەغدا

نزیکترین نموونە یاسای رزگاری عێڕاقە کە کۆنگرێسی ئەمریکی لە ٢٩ی ئەیلولی ١٩٩٨دا دەری کرد. بە گوێرەی بڕیارەکە، ئەمریکا دەبێت رژێمەکەی سەدام بڕوخێنێت و رژێمێکی دیموکراتی لە جێگای دابنێت. هاوشێوەی پرۆژەکەی بایدن پرۆژەی رزگارکردنی عێڕاقیش وەک پلانی B مامەڵەی لەگەڵ کرا. بەڵام دوای پێنج ساڵ لە ٢٠٠٣ دا جێبەجێ کرا. جۆرج بۆش پرۆژەی رزگارکردنی عێڕاقی ١٩٩٨ی وەک ئەساسێک بۆ داگیرکردن/رزگاردنی عێراق بەکار هێنا.
🔻ئێستا زەمینەی جێبەجێکردنی پرۆژەکەی بایدن لە ئارادایە، چونکە:
ـ  بایدن، خاوەنی پرۆژەکە، چاوەڕوانی وەرگرتنی کلیلی کۆشکی سپی دایە.
ـ  سوننەکانی عێڕاقیش دەمێکە کەوتوونەتە جمووجۆڵی دامەزراندنی هەرێمێکی فیدڕاڵی.
ـ ئەمریکای کۆمارییەکانیش چەند جارێک هەڕەشەی نەک هەر کشانەوەی سەربازەکانیان بەڵکو باڵوێزخانەکەشیان لە عێڕاق کردووە.
گرنگترین فاکتەر لە ئێستادا بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکەی بایدن لۆبییەکی بەهێزە، هەڵبەت دوای دەسبەکاربوونی بایدن


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ