بۆچى بارزانییه‌كان ده‌یانه‌وێ بچنه‌ كۆشكی سه‌لام؟

کورد و چاره‌نووسی پۆستى سه‌رۆك كۆمار

سه‌روه‌ت هه‌ڵه‌بجه‌یى 2021.01.09 06:10 PM
1226 جار خوێندراوەتەوە

سه‌روه‌ت هه‌ڵه‌بجه‌یى

نوسه‌ر و رۆژنامه‌نووس
خاوه‌نی 3 كتێبی چاپكراو

لە ڕێکەوتنێکی نەنووسراوی عێراقی نوێدا پۆستی سەرۆک کۆمار وەک پشکی کورد دیاری کراوە. تا ئێستا سێ نوێنەری کورد لە سەرئەم تەختە دانیشتوون. لە سەردەمی مام جەلال کۆمەڵە دەسکەوتێکی گرنگی هەبوو، بە تایبەت بۆ عێراق بە گشتی کە کێشە و ناکۆکی لایەنە سیاسییەکان بە کورد و عەرەب و شێعە و سوننەوە بە ئاسانی لە سەردەستی تاڵەبانی چارەسەر دەکرا. 
لە سەردەمی فۆئاد مەعسوم ئەو پۆستە ڕەخنەی لەسەر بوو، نەک تەنیا بۆ کورد سوودی نەبوو بەڵکو پێگەی سەرۆکایەتی کۆمار لە ئاستی عێراقیش بە تەواوی لاواز بوو.
بە هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح بۆ ئەو پۆستە، پێگەی سەرۆکایەتی کۆمار لە هاوکێشە ناوخۆییەکانی عێراق گەڕایەوە و تەنانەت کەسایەتی و دیپلۆماسیەتی باڵای ناوبراو بووە هۆی ئەوەش کە لە سەر ئاستی ناوچەکە و جیهان حسابێکی دیکە بۆ ئەو پۆستە بکرێت.
هەڵبەت یەکلایی کردنەوەی کاندیدی سەرۆک کۆمار لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و ناساندنی بە بەغدا بە تایبەت لە نێو هەر دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکەی هەرێم هێندە ئاسان نەبووە، هەرچەندە ئەو پۆستە لە کوردستان وەک پشکی یەکێتی دیاری کراوە بەڵام ململانێی لەسەر هەبووە، بە تایبەت لەم خولەدا کە پارتی فۆئاد حوسێنی کردە ڕکابەری بەرهەم ساڵح و هەوڵی سەرکەوتنیشی بۆ دەدا.

گێژاوی ململانێیه‌كی توندی پارتی و یه‌كێتی گه‌یاندیه‌ كۆشكی سه‌لام

ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە، بەرهەم ساڵح ئەوەی سەلماندووە کە کەسەکان دەتوانن پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بەهێز بکەن و بە گرنگی پیشانی بدەن. سەرۆک کۆمار پێگەی خۆی و کورد و عێراقی لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی بەرەو گۆڕانکاری بردووە.
لە ئێرانەوە تا وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە و تورکیا و ئەورووپا و ئەمریکا گرنگی بە رۆڵ و کاریگەری بەرهەم ساڵح دەدەن. ڕەنگە ئەمەش بۆ خولی داهاتوو یان لە پاش هەڵبژاردنە پێشوەختە چاوەڕوانکراوەکە بە زیانی ناوبراودا بشکێتەوە و کەسانێکی دیکە لە ناوخۆی یەکێتی و پارتی هەوڵی بەدەستهێنانی ئەو پۆستە بدەن.

 ململانێی ئەمجارەی لایەنە سیاسییەکان بە تایبەت یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار چڕتر دەبێت،

کێشەکانی پارتی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە نێوان نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی زیاتر دەبێت. ڕەنگە مەسعود بارزانی بۆ ڕزگارکردنی حیزبەکەی لەو پەتایە هەوڵی چارەسەرێکی کاتی بدات، چارەسەرەکەش لەوەدەرچووە کە لە ناوخۆی کوردستان بۆی بچێتە سەر، ئەوەیە کە دەبینین چۆن بەرپرسانی کابینەی پێشوو سەر بە نێچیرڤان بارزانی ئێستا حکومەتێکی سێبەریان لە سەرۆکایەتی هەرێم درووست کردووە و باڵی مەسروریش بەردەوامن لە جێبەجێکردنی پلانی خۆیان.
چارەسەرەکەش بۆ سەرۆکی پارتی ئەوەیە کە نێچیرڤانی برازا و زاوای کە مەیلی زیاتر بە لای عێراقیبوونەوەیە و پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ئێرانییەکانیش هەیە، بباتە بەغدا و بۆ پۆستی سەرۆک کۆماریی عێراق کاندیدی بکات. پۆستەکانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتیش بە دڵنیاییەوە لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان یەکلایی دەکاتەوە.

به‌ دانانی نێچیرڤان بارزانی له‌ به‌غدا مه‌سعود بارزانی به‌شێوه‌یه‌كی كاتی كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی حزبه‌كه‌ی سڕ ده‌كات

ڕەنگە لە ناوخۆی یەکێتیش کەسانی دیکە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کاندید بن، لەبەرئەوەی کە بەرهەم ساڵح وەک خولی پێشوو جێگری سکرتێری گشتی نییە و تەنیا ئەندامێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتییە.
ئێستا کەسێکی ئائینیش خۆی بە شیاوی ئەو پۆستە دەزانێت. شێخ نەهرۆ کەسنەزانی جوڵەکانی دەستپێکردووە. لەسەر گرنگترین کێشەی ئێستای هەرێم کە کێشەی بودجە و مووچەیە لێدوان دەدات و دڵنیایی چارەسەرکردنی بە خەڵک دەدات، لەبەرئەوەی کە دەزانێت هەر کەسێک ئەو کێشەی بۆ چارەسەر بکرێت لای خەڵک و لانیکەم فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم دەبێتە پاڵەوان.
هەوڵیش دەدات پێگەی خۆی لە هەولێر یان سلێمانی بەهێزتر بکات، لە لایەکەوە دەیەوێت تەکیەی کەسنەزانی بباتە هەولێر و دەوترێت کە بۆ پێگەی سلێمانیش بێت ڕێگری لەو کارەی دەکرێت. بۆیە خەون بە سەرۆک کۆمارییەوە دەبینێت، هەڵبەت ئاماژەیەکی بەوەش داوە کە ئێمەی پیاوی ئائینی کێشەی مووچە لە گەڵ لایەنە ئائینییەکانی عێراق چارەسەر دەکەن، پەیامی ئەمەش ئەوەیە کە شێخ نەهرۆ پاڵپشتی نەجەفی لەگەڵە و چەند ئەگەر و گریمانەیەکی دیکە.
عێراق بەرەو هەڵبژاردنەکان دەڕوات، بێ گومان ململانێی ئەمجارەی لایەنە سیاسییەکان بە تایبەت یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار چڕتر دەبێت، بەرهەم ساڵحیش بە ئاسانی نایەوێت دەستبەرداری ئەو پێگە و پۆستەی بێنێت، بە تایبەت ئەوەی کە بە هاتنی جۆ بایدن لە کۆشکی سپی و ئەگەری دابەزینی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، گۆڕەپانی چالاکییەکانی لە ئاستی عێراق و ناوچەکە و جیهان بۆ بەرفراوانتر و ئاسانتر دەبێت.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ