له‌ دەریای ناوەڕاسته‌وه‌ بۆ دەریای سور

ڕوسیا.. شه‌ڕی كۆنترۆڵكردنی ئاوه‌ گه‌رمه‌كان

ره‌نج نه‌وزاد 2021.02.04 07:27 PM
313 جار خوێندراوەتەوە

ره‌نج نه‌وزاد

 نوسه‌ر

لەگەڵ ئەوەی ڕووسیا لە ڕووی ڕووبەرەوە گەورەترین وڵاتی جیهانە، بەڵام کەمترین سنووری هەیە بە ئاوە گەرمەکانەوە (ئەو دەریا وئۆقیانووسانەیە کە لە هەموو کاتەکانی ساڵ شیاون بۆ هاتوچۆی کەشتی). ڕووسیا سنوری ئاوی فراوانی هەیە، بەڵام بە هۆی نزمی پلەی گەرما، بۆ چەندین مانگ ئەو ئاوانە بەستوون و شیاوی هاتوچۆ نین. جگە لە دەریایی ڕەش، ڕووسیا هیچ سنورێکی نییە بە ئاوە گەرمەکان. بۆ ئەوەی ڕووسیا لە دەریایی ڕەشەوە بگاتە جیهان، بە تایبەت بۆ دەریایی سپی و ئۆقیانووسی ئەتڵەسی وهیندی، پێویستە بە گەرووی بسفۆر و دەردەنیلی تورکیدا تێپەڕێت. 
ڕووسیەکان وتورکەکان لە ڕووی مێژووییەوە کێشە وجەنگی زۆریان هەبووە، بە تایبەت لە ناوچەکانی قەوقاز وبەڵقان وئاسیایی ناوەڕاست، کە بەشێکی تا ئێستاش ماوە. 
هەروەها تورکیا ئەندامی ناتۆیە، کە نەیاری سەرەکی ڕووسیایە. بۆیە سەرەڕای ئەوەی گەرووی بسفۆر ودەردەنیل لە ڕووی یاساییەوە کراوەیە بۆ ڕووسیا، بەڵام ڕێگایەک نییە ڕووسیا متمانەی تەواوی پێ هەبێت. 
بە درێژای چەندین سەدە، یەکێ لە خەونە گرنگ وبەردەوامەکانی ڕووسەکان ئەوە بووە هەژموونیان هەبێت لە ئاوە گەرمەکان، بە تایبەت لە دەریایی سپی ناوەڕاست ودەریایی سوور. چونکە ئەم دوو دەریایە، هەر سێ کیشوەری ئاسیا وئەفریقیا وئەوروپا دەگەیەنێت بە یەکتر، یەکێکە لەو هێڵانەی کە هەردوو ئۆقیانووسی هیندی وئەتڵەسی بە یەکەوە دەبەستێتەوە، بە تایبەت دوای درووستکردنی نۆکەندی سوێس، دەریایی سوور، ئەوروپا و ئاسیا وئەفریقیا زۆر لە یەکتر نزیک دەکاتەوە لە ڕووی کەشتیوانیەوە. 

ڕوسیا هه‌ژموونی سه‌ربازیی له‌ ده‌ریا و زه‌ریاكان به‌هێز كردووه‌

 

پێش بەهاری عەرەبی، ڕووسیا تەنیا بنکەیەکی کۆن و بچووکی هەبوو کە بڕوانێتە سەر دەریایی سپی، ئەویش بنکەی تەرتوس بوو لە سووریا، کە هی سەردەمی سۆڤیەت بوو. 
ئەو بنکەیە تەنیا لە ڕووی ڕەمزیەوە گرنگ بوو بۆ ڕووسیا. لە ڕووی سەربازییەوە زۆر لاواز و دواکەوتوو بوو. پاش چەن ساڵێک لە بەهاری عەرەبی، ڕووسیا هەلێکی زێڕینی بۆ ڕەخسا بۆ گەیشتن بە ئاوە گەرمەکان. لە ئێستادا لە ڕێگەی کۆنتڕۆڵکردنی سوریاوە، ڕووسیا بەندەرەکانی سوریایی لەدەریایی ناوەڕاستی بەدەستەوەیە، هەروەها هەمان پلان و نیازی هەیە لە لیبیا، ڕووسیا یەکێکە لە یاریکەرە سەرەکیەکانی جەنگی لیبیا. 
ڕووسیا لە ڕێگەی قەیرانەکانی سوریا و لیبیاوە، هەژموونی خۆی گەیاندوەتە دەریایی ناوەڕاست، لە سوریا یەک لابووەتەوە، لە لیبیا لە هەوڵدایە یەکێ لە بەندەرەکان بکاتە بنکەیەکی خۆی، لیبیا سنورێکی فراوانی هەیە بە دەریایی ناوەڕاستەوە.
دوای لابردنی بەشیر و زیاتر ڕۆچوونی سودان لە قەیرانەکانیدا، ڕووسیا ئەوەی بەهەلزانی و لەگەڵ حکومەتی کاتی سوودان ڕیککەوت بۆ ئەوەی بەندەرێکی سوودان، کە دەڕوانێتە سەر دەریایی سوور، بکاتە بنکەیەکی ڕووسی، بە فەرمی بنکەیەکی سەربازی نییە، بەڵکو بنکەیەکە بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری بە کەشتیە ڕووسیەکان، بەڵام لە ئایندەدا دەکرێت ببێتە بنکەیەکی سەربازی.

ڤلادیمێر پۆتین و عه‌بدولفه‌تاح بورهان سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی سیادی سودان

گەیشتن بە دەریایی سوور لە ڕێگەی سودانەوە، واتە گەیشتن بە ئەفریقیا. ئەمەش دوو سەروەری گەورەیە بۆ ڕووسیای سەردەمی پوتین، کە لە ماوەیەکی کورت، توانی هەژموونی ڕووسیا بهێنێتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا، هەروەها گەیشتن بە دوو ئاوی گەرمی گرنگ، دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور، کە هەردووکی خەونی ڕووسەکان بووە بۆ چەندین سەدە. 
ئەمەش ئەرکی ئۆپۆزسیۆنی ڕووسی قورستر دەکات بۆ لاوازکردنی پوتین، زیاتریش ڕۆژئاوا هاندەدات هاوکاری ئۆپۆزسۆنی ڕووسی بکات بۆ درووستکردنی کێشە بۆ پوتین لە ناوخۆوە، چونکە لە دەرەوە پوتین وا دیارە ناوەستێنرێت. کەیسی ئەلێکس ناڤالنی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی هەیە بەو هاوکێشانەوە.
بێ گومان جارێ ڕووسیا زۆر لەوەوە دوورە شوێن بە ئەمریکا لەق بکات لەو دوو ناوچەیە و لەو دوو دەریایە، هەر بۆ نموونە، ڕووسیا جارێ یەکەم بنکەی درووست نەکردوە لە ئەفریقیا، ئەمریکا نزیکەی سی بنکەی هەیە لەوێ، بۆ ناوچەکانی تریش هەر بە هەمان شێوە، بەڵام دەستکەوتەکانی ڕووسیا، وەک سەرەتایەک، گرنگی گەورەی هەیە و ئاماژەیە بەو گۆڕانکارییە گەورانەی کە چاوەڕواندەکرێت لە ئایندەدا لە سیستەمی جیهانیدا ڕووبدەن.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ