ئاوابوونی خۆری سوننه‌

خاچەکەی پاپا لە سەری سوننەدا شکێنرا

بروا كه‌مال 2021.03.08 08:42 PM
945 جار خوێندراوەتەوە

بروا كه‌مال

نوسه‌ر و رۆژنامه‌نووس

هاتنی پاپای ڤاتیکان بۆ عێراق لە لایەن میدیا جیهانی و ناوخۆییەکانی عێراق گرنگییەکی تایبەتی پێیدرا و لە مێژووی عێراقدا ئەمە یەکەم سەردانی پاپای ڤاتیکانە کە بۆعێراقی بکات، لەو چەند ڕۆژەی سەفەرەکەی پاپادا بۆ عێراق و چوونی بۆ چەند شارێکی عێراق و بینینی کەسایەتییەکان بە تایبەت بینینی کەسایەتی ئاینی مەزهەبی شیعە ئەویش ئایەتوڵا عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەکانی عێراق بوو، کە پاپای ڤاتیکان لە شاری نەجەف ئەو دیدارەی بۆ ڕێکخرا و نزیکی کاتژمێرێکی پێچوو، ئەو چاوپێکەوتنە لە میدیاکان بە گرنگ وەسفکرا، بەڵام  ئەوەی جێگەی قسە و مشتومڕ بوو ئەوە بوو کە لەو سەردانی چەند ڕۆژەی بۆعێراق پاپای ڤاتیکان چاوی نەکەوت بەهیچ کەسایەتییەکی سوننەی عێراقی، لە کاتێکدا بەپێی ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت کە باس لەوە دەکات کە لە درێژەی چاوپێکەوتنەکانی پاپای ڤاتیكان لە عێراق، چەند داوایەكی لایەن و كەسایەتە عێراقییەکانی ڕەتكردۆتەوە كە سەردانیان بكات.

پاپا له‌ قه‌ره‌قوش كۆتری ئاشتی هه‌ڵفڕاند

ئوسامە نوجێفی ئاشكرای كردوە كە داوای كردوە پاپا سەردانی  مەرجەعی سونی بكات لە (جامع الامام أبی حنیفه‌ النعمان) له‌ به‌غدا بەڵام پاپای ڤاتیکان ئەم پێشنیازەی ڕەتکردۆتەوە، سەردانی پاپای ڤاتیکان دەرخەری ئەو ڕاستیە بوو کە سوننەکانی عێراق ڕۆژ بە ڕۆژ کاریگەرییان لە گۆڕەپانی  سیاسیی بەره‌و دوا دەچێت و ئایندەیەکی تاریک چاوەڕێیانە.
ئەگەر بچینەوە بە مێژوودا  ئامارەکان ئەوەمان پێدەڵێن کە لە مەلیک فەیسەڵه‌وه‌ عەرەبی سوننە قۆرغی دەسەڵاتە باڵاکانیان کردووە لە عێراق بەڵام لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ و کەوتنی ڕژێمی بەعس ئیتر وردە وردە سوننەکان بچوکرانەوە بە جۆرێک لە مەجلیسی حوکمی ئەوکاتی عێراق کە لە دوای داگیرکردنی عێراق لە لایەن ئەمریکاوە دروستکرا لە کۆی ٢٥ کورسی تەنها (٥) کورسی درا بە سوننەکان  واتە لە %٢٠ى دەسەڵاتەکانی مەجلیسی حوكم.

چوونی پاپا بۆ نه‌جه‌ف سیستانی كرده‌ مه‌رجه‌عی بێ ڕكابه‌ریی شیعه‌

لێرەوە سوننەکان درکیان کرد بەوەی کە چیتر ناتوانن هەیمەنە بکەن بەسەر دەسەڵات لە عێراق و ناکرێت لە بەڕەکەی خۆیان زیاتر پێ ڕابکێشن بەڵام نەیاندەویست تەسلیمی ئەو واقیعەبن بۆیە سوننەکان کەوتنە فشار دروستکردن لەسەر ئیدارەی ئەوکاتی ئەمریکا لەڕێی بایکۆتی پڕۆسەی سیاسی سوننەکان واتێگەیشتن کە کەمێک لەو هەیمەنەی ڕابردوویان بۆ دەگێڕدرێتەوە بەڵام وردە وردە بێبەش تری کردن و پەراوێز خران.
ئەم پەراوێزخستنە بێزارییەکی زۆری لای عەرەبی سونە دروستکرد، ئەو دابەشکردنەی مەجلیسی حوکم و کردنە زۆرینەی عەرەبی شیعە و بێزاربوونی سونە و په‌راوێزخستنیان کاردانەوەی لەسەر کۆی پرۆسەکانی تر دروستکرد، هەر لە هەڵبژاردنەکان و نوسینەوەی دەستور و ڕیفراندۆم ...هتد.
کەوابوو لەم مێژووە ئەوەمان بۆ دەرئەکەوێت لە عێراقدا خەریکە وردە وردە خۆری سوننە بەرەو ئاوابوون دەچێت، وە لە سەردانیکردنی پاپای ڤاتیکانیش ئەوەی سەلماند کە سوننەکان لە عێراق هیچ هەژموون و کاریگەرییان نەماوە لە گۆڕەپانی سیاسی ئەگەر سوننەکان بە خۆیاندا نەچنەوە ئەو پەرتوبڵاویەی لە ماڵی سوننەدایە کۆی نەکەنەوە ئەوە داهاتوویەکی خراپ چاوەڕێیان دەکات لە عێراق.



دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ