قوربانیی یاریکەرە ساختەچییەکانه‌

فوادی مەلا مەعسوم هەورامی.. سیاسه‌تمه‌دارێكی ساویلكه‌ و پشوودرێژ

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2021.06.29 04:18 PM
1136 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

د. فواد مەعسووم.. وەکو مەزە و وەکو پێویستیی

فوادی مەلا مەعسووم هەورامیی، ڕۆژگار بنەماڵەکەیان لە (گوندی خەرپانی) لای هەڵەبجەوە هەڵ دەداتە شاری کۆیە. لە کۆیەوە فواد دەچێتە پایتەختی وڵاتە دێرینەکەی میسر ــ قاهیرە ــ و لەوێوە دەبێتە سیاسەتمەدارێکی پشوودرێژ و زمانزان و ئینکار لەسەر بیروڕاکانی.
لە ڕادیۆی کوردی قاهیرەوە دەستپێدەکات، ماوەی حەوت ساڵ لەو ڕادیۆیە دەمێنێتەوە 1961ــ 1968. رەنگبێ یەکەم کارمەندی کوردبێ ئەوەندە لەو ڕادیۆ تاقانەی دنیای عەرەبیی مابێتەوە. ئەمەیش نیشانی دەدات کە بێئەندازە پشوودرێژە.
هەندێ سیاسەتمەدار هەن لە بواری خۆیاندا بلیمەتن، بەڵام ڕۆژگاریان زۆر خراپە و دەکەونە شوێنێکەوە کە جوگرافیای توانا و تاقەتەکانیان نییە.
پێست و روخسارە  سوورهوڵییەکەی، دەڵێی پیاوێکی دنیادیدەی وڵاتانی ئەسکەندەناڤی وەکو سویدە، وەکو ئێرانیی دەڵێن:ٚ  ئەز قەزا لە بواری سیاسەتیشدا بۆ پشوودرێژیی و مەبدەئەکانی، دەڵێی سیاسەتمەدارێکی  خەڵکی ئەو وڵاتانەیشە.
لە شۆڕشی چەکداریی ئەیلوولدا، سلکی دیپلۆماسیی هەڵدەبژێرێ و دەبێتە نوێنەری شۆڕش لە قاهیرە. لە هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێدا لەناو ی.ن.ک دەستەی دامەزرێنەرە، بەڵام هەمان ڕۆحیەی دیپلۆماتەکەی جارانی هەیە و هەرگیز وشەیەک لەسەر شەڕ و نەبەردی ناڵێ!

عادل موراد، مام جه‌لال، فواد مەعسوم، عه‌بدولڕه‌زاق فه‌یلی

لە ناو سێ باڵی یەکێتیدا، ئەو لە باڵە میانڕەوە بێقڕەکەدایە ـ خەتی گشتیی یان شۆڕشگێڕان ـ کە کەوتبووە نێوان بەرداشی بزووتنەوەی تەبیعەت توند و کۆمەڵەی توند و خۆسەپێنەوە. 
لەناو (یەکێتی)ی ئالوودەبوو بە شەڕی ناوخۆ و شەڕی حزبی بەعس و شەڕی ئێرانەوە،  د. فواد نە ناوی هەیە نە خیتاب و نە داستان و نەبەردی. نە هەڵۆی چنگ بەگڕە و نە کەم دەژی تا کەڵ بژی!
لەیەکەم مفاوەزاتی بەینی  بەعس و یەکێتیدا، ئەم پیاوە دەکرێ بە سەرۆکی وەفدی کورد بۆ بەغدا. چ بەعسییە توندەکان و چ یەکێتییە توندەکان بەم سەرۆکایەتییەی ڕازین.

لە شەڕی ناوخۆدا دوژمنە تینوو بەخوێنەکانی یەکێتی، قینیان لە د. فواد نییە. لە گەرمەی خیانەتەکەی ۳۱ی ئابدا، ئەم پیاوە بێوەیە لەلایەن دوژمنەکانییەوە دەستگیر دەکرێ، بەڵام بەوپەڕی حورمەتەوە  دەیگەیننەوە بە حزب و هەڤاڵە هەڵاتووەکانی!

دكتۆر فواد مه‌عسوم له‌ تافی گه‌نجیدا

زیاتر لە پانزە ساڵە ناوی ئەو وەکو خاوەنی ئیمتیاز بەسەر دوایین لاپەڕەی رۆژنامەی (کوردستانی نوێ)ەیە، کەچی نەیوتووە لایبەن جا با سەرکۆماریش بووبێ!
رەنگبێ تەنیا شتێ کە ئەم پیاوە قینی لێی بێ و دژایەتی خۆی بۆ دەربڕیوە، ژنی جگەرەکێشبێ!
بە کورتی و پوختی، د. فواد مەعسووم لەو سەربازە دەچێ کە بە زۆرەملێ و بە تفەنگێکی بێ فیشەک و دەرزییەوە ناردبێتیان بۆ جەنگەی شەڕێکی خوێناوی و ڕاشیانسپاردبێ کە ئەو دیلەکان بە کۆمەڵ بکوژێ، بەڵام ئەو چۆلەکەیەکی پێ لەئاو ناکرێ جچای شەڕ و کوشتی بەکۆمەڵ.
فواد مەعسووم سیاسەتمەدارێکی تەواو مۆدێرنە لەناو دنیایەکی توند و بە هەڵپەدا.
عێراقیی بە کورد و عەرەبیانەوە توند و بە هەڵپەو پشووکورتن لەسیاسەت و گۆڕانارییەکاندا، یان خێرا هەموو شتێکیان دەوێ یان هیچیان ناوێ. مەلای خوتبە توند و قیژەقیژکەریان دەوێ. سیاسەتمەداری تەبیعەت توند و پۆپۆلیستی دەپەرستن. بۆیە هەمیشە گاڵتەیان لەو کەسانە دێت کە ڕێگا و رێبازێکی نەرم هەڵدەبژێرن بۆ ئامانجەکانیان.

فواد مه‌عسوم، مه‌سعود بارزانی، مام جه‌لال، جه‌وهه‌ر نامیق سالم


فواد مەعسووم بەو هەموو پشوودرێژییەی خۆیەوە زیاتر وەکو پیاوێکی ساویلکەی فریودراو دەردەکەوێ.. فیعلەن لە هەندێ وێستگەی ژیانیدا فریو دراوەو بووەتە قوربانیی یاریکەرە ساختەچییەکان بۆ نموونە کاتێ کرایە سەرکۆماری عێراق.
کە کرایە سەرکۆمار، بۆ گاڵتەپێکردن و کردنی بە مەزە، ناسنامەیەکی تەواو عێراقیشی وەرگرت و هەر لە کوردستان ئەم شتەی بەسەردا نەبڕا.
ڕاستە پشوودرێژ و لێزانە لە سیاسەتدا، بەڵام بەهەڵەدا دەچێ کە ئامانجەکانی ناگۆڕێ یان لانیکەم ڕێگای ئامانجەکانی ناگۆڕێ. 
تۆ لە پێنج قۆناغ و پێنج ڕێگادا شکستت هێنا، تاقیکردنەوەو بەردەوامبوون لەسەر شەشەم و حەوتەم ڕێگا، نیشانەی گەمژەییە.
لە حەفتاوپێنجەوە ئەم پیاوە یەکێتییە و یەکێکە لە دەستەی دامەزرێنەران، بەدرێژایی ئەو ساڵانە نەک جارێک و دووان بەڵکو دە و بیست جار یەکێتی شکستیهێنا و بەگورگانخوارد درا، نغرۆبوو لەناو گەندەڵیی و فەساددا. کەچی ئەم سیاسەتمەدارە پشوودرێژە هەر یەکێتییە و ئیستێکی نەکرد. پشوودرێژانە هەر یەکێتییە بێ ئەوەی "عیلاقەی پێدا هەبێ" بە خراپکردن و وێرانکردنی دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەینێ!
کاوە شێخ عەبدوڵڵا


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ