یەکێتی لە گەمەی تورکیا و پارتی دا

پوازی یەکەم کەلێن لە جەستەی تاڵەبانییە ئامۆزاکان درا

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2021.07.11 08:09 PM
2226 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە قۆناغێکی هەستیاری سیاسی و نێوخۆیدا تێدەپەڕێت، بە هۆی خراپی ناوەندی بڕیار و فکر و ئایدۆلۆژیا کە هەرچەندە لە پەیڕەوی ناوخۆیدا ئەم دوو چەمکە ئامادەیی هەیە بەڵام لە پراکتیکی کاری ڕێکخراوەیدا ناوەندگەری (cantrliem) ئایدۆلۆژیای سۆشیال دیموکرات ڕەنگدانەوەی نەبووە لە مەیدانی کارکردندا ، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ جوگرافیای سیاسی ئەم هێزە و ڕۆحی نەتەوەگەری لە سیاسەتی نوخبەی سیاسی یەکێتی کە هاوسۆزبووە بە بەردەوامی لەگەڵ هێزە کوردیەکانی باکور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاڤا.
مێژووی ململانێی سیاسی نێو خۆی یەکێتی سروشتێکی بەردەوام بووە ، چونکە ئەم هێزە لەچەندین بەرەی فکری جیاواز ، بەتێڕوانینی جیاواز بۆ چەمکە سیاسی و ئایدۆلۆژیەکان کاروانی سیاسەتی خۆی درێژە پێداوە ئەمەش لە هەندێک قۆناغدا خاڵی بەهێز و لە هەندێکی دیکە لاوازی بووە بۆ یەکێتی. 
ئەوەی لەم ڕۆژانەدا دەگوزەرێت بابەتێکی هەستیار و جێگەی مەترسیە کە یەکێتی درزی گەورە کەوتە گوتار و سەرکردایەتیەکەی، کە هیچی کەمتر نیە لەو گەل کۆمەکیەی لە (هەکاری و ٣١ ئاب) چونکە ئەوەی ڕوو دەدات لە قازانجی یەکێتی و یەکێتیەکان نیە ئەوەندەی لە قازانجی تورکیا و پارتی و کەسانی هەلپەرستی نێوخۆی حزبە کە تۆڵەی شکستی کۆنگرە لە هاوسەرۆکەکان دەکەنەوە ، دوو ساڵە پیلان دژی برایەتی ( لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی) دادەڕێژن ، وەلێ لە هەمووی زەحمەت تر توانیان پوازی یەکەم کەلێن لە جەستەی خانەوادەی تاڵەبانیە ئامۆزاکان بدەن.

ئایا جارێكی تر ئامۆزا تاڵه‌بانییه‌كان ده‌توانن سێلڤیه‌كی وه‌ها بگرن ؟

 

ئەوانەی ئەم کارەیان خستە بواری جێبەجێکردن پرۆپارتیەکانی ناو یەکێتین بە سود وەرگرتن لە ووردە کێشە و لێک نەگەشتنەکانی نێوان هاوسەرۆکەکان دەستی تورکیا و پارتی ڕاکێشنە ناو سیاسەت و بەڕێوەبردن لە زۆنی سەوز .
ئەم جۆرە لە دوژمنایەتی نێو خۆیی لە مێژووی شاخ و شاری یەکێتیدا ئامادەگی هەبووە و چەندین ڕەوت و بەرەی جیاواز یەکێتیان تاقیکردۆتەوە تا شکست بە یەکێتی و خودی (ڕەوانشاد مام جلال) بهێنن کەچی کاریزمای مام و دڵسۆزی و هاوسۆزی هەڤاڵ و کادیر و لایەنگرانی یەکێتی وەڵامی ئەو پیلان و غەدرانەیان بە یەکڕیزی و تەبایی نێوخۆی یەکێتی داوەتەوە.
لە شاریش هەرچەندە کودەتای ٣١ ئاب و هێنانی هێزی تورکیا بۆسەر یەکێتی لە ساڵی ١٩٩٧ و هێنانەوەی مەکتەب سیاسی لە قەڵاچوالان بۆ سلێمانی و ئیمزا کۆکردنەوە لە هەڤاڵ مام جلال و جیابوونەوەی بزوتنەوەی گۆڕان و کۆچی دوای مام و دروست بوونی لیستی هاوپەیمانی لە هەستیار ترین قۆناغی ژیانی سیاسی یەکێتی دا نەیان توانی یەکێتی و ئیرادەی نوێبوونەوە و هەستانەوەی یەکێتی ڕابگرن ، وەلێ بەداخەوە جارێکی تر مەلا خەتێکان و مەلائیدریسی بەدلیسیەکان ئەوانەی پێویست بوو پشتی هاوسەرۆکەکان بگرن ، مێژووی چل ساڵەی خەباتی خۆیان ڕەش کرد بە هاوسۆزی لەگەڵ تورکە ڕەگەزپەرستەکان و هاوسۆزە نیشتمان فرۆشەکانیان. 

یه‌كێتی به‌ ناو قۆناغێكی مه‌ترسیداردا گوزه‌ر ده‌كات


هاوسەرۆکانی یەکێتی دوای ڕەوینەوەی ئەم کودەتا باشتر پیاوە ماسکدارەکان دەناسن و بە یاسایی شۆرش ماڵەیان لەگەڵ دەکەن، خەونی حوشتر ئاسایی ئەوانەی عرابی ئەم کودەتان لەگۆڕ دەنرێت ، کورد دەڵێت خزم گەر گۆشتت بخوات ئێسقانت ناشکێنێ. 
شێخ لاهور بەم هەورازەدا سەر دەکەوێت، چونکە ئەو پێش ئەوەی یەکێتیەکان لەدڵی هەموو ڕۆژئاوایەکانە و زەیتونێکی بەرەنگاری عفرین و کۆبانیە لە ئامەد تاجە گوڵینە لەسەر مەزاری شێخ سعیدی پیران دادەنێ لە سنە و سابڵاغ میوانی قازییە لە سلێمانی برازا بە هەیبەتەکەی مام جلالە لە هەولێر دەستی وەک قەڵا ڕاوەستاوە لە بادینان باڵوێزی ابراهیم عەزۆیە... ئەو هاوسەرۆکە و لەگەڵ بافڵ و قوباد یەک خوێن لە دەماریان دەجوڵێت ، ئیتر دەبێت دوژمن و ناحەزان تێ بگەن تورک و هاوسۆز و سیخوڕە ڕەنگ زەردەکانیان تێبگەن ( خوێن نابێت بە ئاو)
شوان جاف


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ