کەی مرۆڤ ژیانێکی شایستەی لەم هەرێمەدا دەبێت؟

ڕانانێک بۆ ڕۆمانی مێزی نۆ

هۆشیار جەمال 2019.09.07 12:00 PM
846 جار خوێندراوەتەوە

هۆشیار جەمال

نوسەر و ڕۆژنامەنووس

ڕۆمانی مێزی نۆ لەنوسینی نوسەری لاو(ئازاد گوڵەدین)ە، کەبەرگێکی قەشەنگ و لەدووتوێی(١٥٠)لاپەرەدا نوسراوە.

 ئەم ڕۆمانە کارکردنە لەناو مێژوو ئەدەبدا واتا ڕووداوەکانی ڕابردوو بە تەواوی بەسەر ڕۆمانەکەدازاڵە، بەڵام بەزمانێکی ئەدەبیانە نوسراوەتەوە. شوێنی ڕووداوەکان هەرێمی کوردستان و یەکێک لەشارەکانە بەبێ ئەوەی ناوی بهێنرێت ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکە بەگشتی لەناوشارەکە و زانکۆی ئەوشارەیە.

دووزەمەنی کۆمەڵگای کوردی پێکەوەبەستۆتەوە، کەبریتین لە ڕووداوەکانی سەردەمی شۆرش و حکومڕانی شۆرشگێڕان لە شار، کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە خوێندکارێكی زانکۆیە بەناوی (هاکان)، کە کوڕی یەکێک لەشۆرشگێرە پاکەکانی شاخە، کە لەدوای ڕاپەڕین ولەسەردەمی شەڕی ناوخۆدا لەساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو، بەدەستی ‌هاوڕێیەکی دەکوژرێت لەپێناو گەیشتن بە پۆست وپێگەی حزبی بۆخۆی، لێرەوە ئازارەکانی هاکان ودایکە تەنهاکەی دەست پێدەکات.

ئازاد گوڵەدین نوسەری ڕۆمانی مێزی ژمارە ٩


نوسەر زۆر بەوردی چۆتە ناوڕووداوەکانی مێژووی شۆرشە کوردیەکان لەباشوری کوردستان، کە بەبۆچوونی من ئەمە دەگەڕێتەوە بۆئەوەی نوسەر خۆی دەرچووی زانکۆ بەشی مێژووە کەزۆربەوردی ئاگاداری ڕووداوەکان بووە، وە پاشخانێکی ڕۆشنبیری باشی هەبووە.

هەروەها زۆربە جوانی ئازارەکانی کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکەی باسکردوە کە لە بێ باوکیەوە دەست پێدەکات، کەدیسانە پێم وایە ئازارەکانی ژیانی نوسەر خۆشی بوونی هەیە لەم ڕۆمانەدا چونکە خۆشی لە تەمەنێکی کەمی منداڵیەوە باوکی لەدەستداوە، کەئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەوەی کەتوانیویەتی ئازارەکان وابەجوانی وێنا بکاتەوە.

ئەوبابەتانەی نوسەر لەم ڕۆمانەدا کاری لەسەرکردوە کۆی کێشەکانی ئێستا و ساڵانی ڕابردوی کۆمەڵگای کوردیە. کە بەدیاری کراوی لە سەردەستی حکومڕانی کوردی دروست بوون، ئەگەر چی لە ڕابردوودا ئەم بابەتانەی نێو ڕۆمانەکە بەشێوەی وتار ولێکۆلینەوە و چاوپێکەوتن کاری لەسەرکراوە و ڕۆشنبیران بێ دەنگ نەبوون بەڵام بەشێوە ئەدەبیە کەزمانێکی شعری بەسەردازاڵە کەم کاری لەسەر کراوە.

ئەولایەنی ڕۆمانەکە کەباس لەشێوازی حکومڕانی دەسەڵاتی کوردی دەکات و ڕەخنەی توندیان لێ دەگرێت، هەڵسوکەتی خراپیان بەرامبەر کەسوکاری شەهیدان و لە بەرامبەردا، ڕوانین بۆ ئەو کچانەی کە سەردانیان دەکەن بۆئێش یاخود کارێک و بینینان وەک بوکەڵی سێکسی وبەکارهێنانیان بۆمەرامی شەخسی و پرکردنەوەی حەزی سێکسی خۆیان ، نوسینەوەی شەڕی براکوژی ناوشارەکان لە دوای ڕاپەرین .هاوشێوەی ڕووداوەکانی ڕۆمانی (شارنەوازانە) کەلەلایەن نوسەر(ئاراسی لالە حمە)وە، نوسراوە.

ئیمزاکردنی ڕۆمانەکە لەلان نوسەرەوە بۆ خوێنەران


بەگشتی ڕۆمانەی (مێزی نۆ) دەرخەری چینایەتی لەنێوان کەسەکانی نزیک لە مەسولەکان و پاش دزەکانیان و ژیانی هاوڵاتی ئاسایی و کەسوکاری شەهیدان لەکوردستان سێکتەرەکانی پەروەردە وتەندروستی وەک دوو سێکتەری هەستیاری شکست خواردووی وێران وێناکراوە.کەبەرپرسانی وڵات ئامادەنین نە منداڵەکانیان وخۆیان تیدابخوێنن ونەچارەسەریش وەرگرن تێدا، بەڵام خەڵکی هەژار کەزۆربەی کۆمەڵگاکەیە پێوستە لەو شوێنانە بخوێنێت و چارەسەریش وەرگرێت کە کەڕابردوو شاهیدی ئەوە دەدات خوێندنگەکان خوێندکاریان چۆن گرگن کردوە. کەسایەتیان شکاندوە، لەنەخۆشخانە حکومیەکان چۆن نەخۆش هەبووە لەجیاتی چاک بوونەوە خراپتربووە.

کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە جگە لەوەی لەدۆخێکی سەختی ژیانیدایە و بێ باوکەلە دەرونێکی ئاڵۆزی هەیە، چونکە لەیەکەم ڕۆژی قوتابخانەوە توشی شکان وبەکەم سەیرکردن وشایەنی بەزەی پێداهاتنەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.لەجیاتی ئەوەی بەچاوی مرۆڤەوە سەیربکرێت و مامۆستاکان ڕێگای ئازاردان بەکاردەهێن بۆ فێربوون، زانکۆش بەهۆی ئەوچینایەتیەوە کە هەموو کۆمەڵگای گرتۆتەوە وادەکات ناجێگری باری دەرونی کارەکتەری سەرەکی (هاکان)بەردەوام بێت، هەردەم خۆی لەهاوڕێیانی بەتایبەت ڕەگەزی بەرامبەر دوور دەخاتەوە بەهۆی هەژاری ونەداریەوە چونکە هەڵسوکەوت وجلوبەرگ وگەشتەکانی زانکۆ بەڕونی ئەوچینایەتیە دەردەخات.

ئەم هەموو نادادپەروەری وستەمکاریەی هەیە وادەکات لەجیاتی هەوڵدان بۆدروستکردنی ژیانێکی ئارام وشایستە بەهەرمرۆڤێک کە دەژی بەگیانی تۆڵەوە بیربکاتەوە بڕیاردەدات بکوژی باوکی کە کەسێکی دەست ڕۆیشتووی ناویەکێک لە حزبەکانە بکوژێتەوە کە لەسەرحسابی باوکی ببوو بە بەرپرسێکی گەورەی وڵات.
ئازارەکانی ناو ڕۆمانەکە ئازاری هەموو گەنجان و لاوانە بەهەردوو ڕەگەزەوە پرسیارەکە لیرەدائەوەیە کەی ئەم ئازارانە تەواودەبن؟
 کەی مرۆڤ ژیانێکی شایستەی لەم هەرێمە دەبێت؟
  کەی حزب واز لەژیانی خەڵک دەهێنێت؟ 


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ