رۆژانی دواى ڕاپه‌رین چیم دی ؟

نەوەی سەردەمی ڕاپەڕین و نەخشەی سیاسیی ئەمڕۆ

شاسوار هه‌رشه‌می 2020.03.05 12:12 PM
1377 جار خوێندراوەتەوە

شاسوار هه‌رشه‌می

نوسه‌ر

مامۆستای ئاماده‌یى ـ ستۆكهۆڵم / سوید
خاوه‌نی چه‌ند كتێبێكی چاپكراو

ڕاستەوخۆ لە دوای ڕاپەڕینەوە، لە مۆسکۆوە، خۆم گەیاندەوە کوردستان. دوای چەند هەوڵێک، توانیم ماڵی خۆمان بدۆزمەوە، کە دوای داگیر کردنی خانوەکەمان لەسەردەمی بەعس، نەمدەزانی کەوتوونەتە کوێوە.
ئیدی کەوتمە گەڕان و سوڕان. زۆرێک لە هاوسەنگەرانی پێشوی خۆمم بینی. خەڵکێکی زۆری دیم بینی، کە بە واتا (حیزبییە میلیشاویەکە)، هێشتا خۆیان بە چ لایەکدا ساغ نەکردبووەوە.
بەبەرچاوی منەوە هەموو خەڵکەکە، بەسەر دوو بەرەدا دابەش ببون. بەرەیەکیان ڕازی و بەرەکەی دیش ناڕازی.
ئەوانەی ڕازی بوون، هەر بە زوویی، کەوتبوونە دزی و تاڵان ودەست بەسەر داگرتنی ئەو موڵکە چەسپاو و گوازراوانەی شارەوانیی و دام و دەزگاکانی دی دەوڵەت. هاوکات، لە ڕێگای هێزی چەکدارەوە، ببوونە لێپرسراوی گەیاندن و دابەش کردنی ئەو کۆمەکە کەمەی، ڕێکخراوە جیهانییەکان دەیانگەیاندە کوردستان. بەمەش نان و ویژدان و ورگی خەڵکێکی زۆریان کەوتبووە ناو چنگ. هەر کەسێکیش ببوایە ڕێگریان، ئەوا بە شەو، زۆرجارانیش بە نوێژی نیوەڕۆ، دەدرایە بەر دەستڕێژی گولڵە و دەکوژرا.

دابه‌زینی پێشمه‌رگه‌ بۆ ناو شاره‌كان ـ ئازاری 1991


ئەوانەش ناڕازیی بوون، هەموو گلەییەکەیان لەوەدا بوو، کە لەو دزیی و تاڵانیەدا بەشیان نیە، یان هەندێکیان لایان وابوو، کە غەدریان لێکراوە. واتا کار و خەباتی بەرەی دووەم ئەوەبوو، کە جێگای بەرەی یەکەم بگرنەوە، یان لەگەڵیان شەریک بن.

تاک و تەرا خەڵکی وشیار هەبوون، کە قسەیان لەسەر یاسا و زیندو کردنەوەی دامەزراوەکان دەکرد

تاک و تەرا خەڵکی وشیار هەبوون، کە قسەیان لەسەر یاسا و زیندو کردنەوەی دامەزراوەکان دەکرد، تا سیستەمێکی فەرمانڕەوایی دادپەروەرانە پێکبێنن. ئەو تاک و تەرا کەسانە، ئەمەندە کەم بوون، کە ناکرێت ناویان لێ بنێم بەرەی سێیەم.
کەواتە زۆرینەی کۆمەڵگە، بە کۆنە جاش و کۆنە پیشمەرگەوە، دز و گەندەڵ بوون و دەیانەویست سود لە (دەستەڵات)یان وەربگرن، تا دەوڵەمەندتر و دەستەڵاتدارتر بن.
بێگومان ئەمەش پاشخانێکی دیاری هەبوو. لەسەدەمی دەستەڵاتی سەدام، دەیان هەزار جاش، هەروەک دانیشتوی ڕاگوێزراوی سەدان هەزار گوند، لە ئۆردوگا زۆرە ملێکان، تا نەبنە پێشمەرگە، مانگانە بەناوی کرێکاری دارستان، یان فەڕاشی مەکتەب و...، موچەی مفتیان لە دەوڵەت وەردەگرت. پێشمەرگەش هەروا بە نانی مفتی جوتیاران دەژیان. دوای ڕاپەڕینیش، هەردوو لا، وا ڕاهاتبوون، کە دەبێت موچە و داهاتی بێ ماندووبوونیان لەبەردەست دابێت.
ئەمەی ئەمڕۆ دوای 29 ساڵ دەیبینین، بەری ڕەنجی خۆتانە.

گواستنه‌وه‌ی بریندارێكی رووداوه‌كانی راپه‌رین ـ سلێمانى ـ ئازاری 1991


ڕاستە ئێستا زۆرینە، کە لە دەستکەوتەکان و سەروەریەکان و تەنانەت لە ئازادیی نیسبیش بێبەشن، لە دژی دەستەڵاتی مافیای چەکدارن، بەڵام ئەم دەستەڵاتە، بەری تێگەیشتنی ئەو کاتی خۆتان و باوکتانە.
لەم ئاستانەیەی 8ی مارتەدا، ناڵێم دایکیشتان، چونکە لەم کۆمەڵگا تا ناخ پیاوسالاریەی کورد، ژنی دەستەڵاتداریش، پیاوسالارانە لێدەخوڕێت، دەنا لای ئەم جۆرە پیاوانە، ڕێزی لێ ناگیرێت. بۆیە دایکانی دوێنێ، لەم گەندەڵیەدا، کەمترین چمکیان بەردەکەوێت.

ئەگەر گوێ لەمن دەگرن، ئیدی کاتی یاد کردنەوەی ڕاپەڕین بەسەر چووە و یادەکە چیدی واتا و ناوەرۆکێکی بایەخداری بۆ ئەمڕۆ پێوە نەماوە. باشترە ڕاپەڕین و ڕووداوەکانی ئەو سەردەمە و دەرەنجامەکانیشی، بە مێژو بسپێردرێت تا شەن و کەوی بکات.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ