كوردستان پێویستی به‌ به‌ریتانیایه‌كی سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌ ؟

شۆڕش و ڕاپەڕین.. لە نێوان عەوامکردنی خەڵک و هەستکردن بە گاڵتەجاڕیى

ئاریان عه‌لی 2020.03.05 04:00 PM
1805 جار خوێندراوەتەوە

ئاریان عه‌لی

نوسه‌ر 

شۆڕش یان وەرچەرخان بە واتا کۆمەڵناسێکەی بریتیە لەگۆڕینی ژێرخانی کۆمەڵایەتی، لە واتا سیاسیەکەیدا بریتیە لە گۆڕینی دامەزراوەی سیاسی و دەسەڵات. شۆڕش مافی دیاریکردنی دەسەڵات و بەرپرسیاریەتیە. شۆڕش زۆر جار کاتێک ڕووئەدات کە خەڵکانێک هەبن وابزانن یان وادیاربێت ئەچەوسێنرێنەوە لە ڕووی سیاسی، کۆمەڵایەتی یان ئابووریەوە."ئەرستۆ" لە کتێبی چواری پۆلیتیکدا دوو جۆر شۆڕش دەستنیشان ئەکات یەکەم، گۆڕانکاری تەواو لە دامەزراوەیەک بۆ دامەزراوەیەکی تر. دووەم، گۆڕینی دامەزراوەی ئێستا..
ناساندن و وتای ڕاستەقینە و ئەرکی شۆڕشمان زانی، وردە وردە پرسیارەکان لامان کۆدەبێتەوە دەربارەی شۆڕش، ئایا شۆڕش گەڕاندنەوە سەقامگیری و دادپەروەریە؟ یاخوود چونە دۆخی دیکتاتۆری و خراپتر لەو دۆخەی کە بەناو شۆڕشگێران شۆڕشیان تێداکردوە؟ 
بیربکەوە دوای تێپەڕبوونی چارەکە سەدەیک، ۲۹ ساڵ، لە ئەنجامدانی ڕاپەڕین و شۆڕش بەڵام ئێستە کە لە ۲۰۲۰ دەژیت کێشەی کەمی کارەباو نەوت و قەیارانی غاز و قەیران لەدوای قەیران و درووستکردنی کەسی پیرۆز بەشێوەیەک وەک درووست کردنی بت وجێگای بەرستشی لێهاتوە، لەهەر سووچێکی ئەم وڵاتەوە سەیری جێگا بەرزەکان ئەکەی داگیرکراون و کراونەتە ڤێلاو و بینای بڵند بڵند بۆخۆیان سەیری خەڵکە بەجێماوەکەی دوای ڕاپەڕین ئەکەن..

خەڵک هاواری لێهەڵەسێ ئەڵین تکایە بەسە ئێوە درۆتان لەگەڵ ئێمە کرد، خیانەتان لێکردین، زۆرتان خوارد و تێرتان خوارد

ئەگەر جووانتر مانا ببەخشینە ئەم گاڵتەجاڕیەی ڕاپەڕین، بەشێوەیەکە وەک ڕۆمانوسی لوبنانی غادە سەمان لە "شەوی ملیاردێر"دا دەڵێت: لەم وڵاتانەی ڕۆژهەڵاتی، شۆڕش وایە هەمیشە یەک دنیا خەون و دروشمی جوانە و ئەڵێن ئێمە لە پێناو هەژار و کرێکارو چەوساوەکانا خەبات ئەکەین و ئەجەنگین تا ئەگەنە دەسەڵات، هەر کە گەشتنە دەسەڵات لە پەنجەرەوە بە خەڵک ئەڵێن بوەست خەڵکینە جارێ لێمان گەڕێن زۆر ماندوین و لەبرسا سکمان بە پشتمانەوە نوساوە و هەناومان تیانەماوە با کەمێک پشوو بەین و نانێک بخۆین، بەڵام هێندە ئەخۆن تا لە کورسیەکانیان گیرەبن و ناتوانن هەستنەوە سەرپێ.
خەڵک هاواری لێهەڵەسێ ئەڵین تکایە بەسە ئێوە درۆتان لەگەڵ ئێمە کرد، خیانەتان لێکردین، زۆرتان خوارد و تێرتان خوارد دەبەسە قسەیەکیش لەگەڵ ئێمەش بکەن، سەرەنجام خەڵک ماندوو ئەبێ شۆڕشێکیتر ڕێکئەخەن و هێرش ئەکەن و بەناو شۆڕشگێرەکان لەپەنجەرەوە بە کورسیەکانیانەوە فڕێئەیەنە درەوە ئنجا شۆڕشگێڕە نوێیەکانیش دیسان بەخەڵک ئەڵێن تکایە چاوڕێمان بکەن زۆر ماندوین و دواتر گوێتان لێئەگرێن و فریاتان ئەکەوین ئاخر ئێمەش شۆڕشمان کردووە تا خەڵک ئەوانیش هەر لەپەنجەرەکانەوە فڕێئەیەنەوە درەوە و هەر واش بەردەوام ئەبێ).
دوای ڕاپەڕینی بەهاری ۱۹۹۱، هەرێمی کوردستان وەک یەکەمین پارچە لەدوای تێپەڕاندنی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر بووینە خاوەنی هەرێمی خۆمان، بەجۆرێک چاوەڕوانی ئەوەمان لێ دەکرا خۆبەڕێەوە بردنێکی وەهامان هەبێت، کەچەندین کەسی لێهاتوو و بەهرەمەند پەروەردەبێت سوودیێک بەنیشتیمانەکەمان بگەیەنن بەڵام ئەوەتا ئەگەر هەشبن سەرئەنێنەوە و ئەچـنە وڵاتانێکی تر کەڕێــز لە خۆیان و بەهــرەکـانیـان بگرن... بەجۆرێک شـۆڕش نە ئیسفادەی هەبوو نە گرنگی، ئەمەی کە دەیڵێم بێ پەروایی منێکی گەنج نییە بەڵکوو ئەو پاشخانەو لێکەوتانەیە، کەدوای چەندین ساڵی حکومەتە خۆماڵێکەمان تەنها ئەوەمان بینی کۆمەڵێک کەس زەنگین بوون، ئێمەش لە بەردەرگاوە تا ئێیستا چاوەڕێن گیرفانی ناعەدالتی ئەوانین پڕبێت، حەقیقەتی شۆڕشمان بینی، ئەوتا لەو واقیعا ئەژین کە نووسەری بەناوبانگی بەریتانی "جۆرج ئۆروێڵ"ش، ئەو لە ساڵی ۱۹٤٤ لە کتێبی مەزرای ئاژەڵاندا دەڵێت:
"ساتێک هەیە خەونی یەکسانی و خۆشگوزەرانی شۆڕش بەسەر واقیعی ستەم و ناعەدالەتیدا دەکات و سەردەکەوێت!
بەڵام ئەم خەونە لەسەر کورسی واقیع دەگۆڕێت: سپێدەیەک هەمووان بەخەبەر دێن و دەبینن مەکینەیەک بەڕێوەیان دەبات کە ناوی یەکــسانییە، کەچی ناعەدالەتی بەرهەم دێنێت؛ ناوی ئازەدییــە، کەچی کۆیلایەتی فەراهەم دەکات، ئەمەش ئەو ساتەیە کە ئیدی شتێک نەماوە بەناوی خەونی ئازادی و یەکسانییوە! "
کێشەی سەرەکی ئەم هەرێمە خراپی سیستەمی بەڕێەوەبردنە بەشێوەیەکە ڕەگی داوەتەوە لە دامەزراوە حکوومێکانەوە هەتاوەکوو بچوکترین جێگەی کاربەڕێکەری ئەم هەرێمە، کە پیویستی بە کۆمەڵێک کەسی خەمخۆر و پلاندانەر هەیە تاوەکوو بتوانن بەڕێوەبردنێکی باش لە پلانەدان و ڕێکخستن وئاڕاستەکردنی کەسی شیوا بۆ شوێنی شیاو پاشان جێبەجێکردن، دواتر چاودێریەکی گوونجاوی هەبێت، کەنییە..

ئەمه هەرێمه لەهەمان دۆخی هندستاندایە و پیویستی بە بەریتانیایەکی سەدەی نۆزدەیە

مەریوان وریا قانع لە سەرەتاکانی کتێبی "مرۆڤ وکەرامەت" نووسیوێتی: هندستان کە لە ساتەوەختی داگیرکردنیدا لەلایەن بەریتانیاوە مێژووی پێنج هەزار ساڵی شارستانیەتی هەبووە، مارکــس وای دەبینێ کە خەڵکەکەی توانای نوێنەرایەتیکردنی خۆیان نییە، بۆیە دەبێت نوێنەرایەتیبکرێن ئەوەشی نوێنەرایەتیان دەکـات، بەریتانیای سەدەی نۆزدەهەمە.مارکس تاکە فەیلەسووفی سەدەی نۆزدەهەم نییە کە هەڵگری ئەم دیدەیە بۆ دەرەوەی ئەوروپا، جیمس میل و جۆن ستیوارت میڵیش هەمان دیدیان هەبوو میڵ باوەڕی وابوو کە مرۆڤ لە هیندستان لەقۆناخی شارستانیدا دەژی، بۆیە پێویستە وەک منداڵ پەروەردە و گەورە بکرێن ئەرکی بەریتانیایە وەک میلەتیێکی پێشکەوتوو ئەم ئەرکە پەروەردەییە جێبەجێ بکات.
بەهەمان شێوە ئەمه هەرێمه لەهەمان دۆخی هندستاندایە و پیویستی بە بەریتانیایەکی سەدەی نۆزدەیە..
ئێمەی گەنج بەشێوەیک تەنانەت ئینتیاما و خوشەویستی نەتەوەو و نیشتیمان لامان کاڵ بۆتەوە، بەجۆرێک ئێستا هەمووشتێک گۆڕدراوە جاران ئەگەر باسی نیشتیمان و بکردایە نیشتیمان پەروەریمان ئەهاتەوە یاد، باسی یەکسانی و کردایە ئەو سەردەمە خورافیاتەی دوای ڕاپەڕین و شۆڕش، چاکسازی پەرلامان و یەکسانی لە عەدالەتی کۆمەڵایەتیەوە تا ئابووری ئەهاتەوە یاد، بەڵام ئێستە نەفرەت لەو خورافیاتەی ڕاپەڕین ئەکەم کە دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری عەرەبی گۆڕێوە بە دەسەڵاتێکی بنەماڵەی دیکتاتۆری کەمتەرخەم و خەم ساردی خۆماڵی....
بۆ نووسینی و زانیاری ئەم وتارە سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە.
ــ کتێبی مرۆڤ و کەرامەت نوسینی مەریوان وریا قانع.
ــ مەزاری ئاژەڵان نوسینی جۆرج ئۆروێڵ.
ــ شەوی ملیاردێر نووسنی غادە سەمان .
ــ ویکیپیدیای زانیاری.



دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ