ده‌رباره‌ی قسه‌كانی ئه‌سه‌د به‌رامبه‌ر كورد

ئەسەد و ئۆپۆزسیۆن.. یه‌ك دیدگای شۆڤينی دژی كورد

سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر 2020.03.10 10:13 AM
1312 جار خوێندراوەتەوە

سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر

نوسه‌ر و رۆژنامه‌نووس

بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا لەچاوپێكەوتنێكی دا لەگەڵ كەناڵی روسیا 24 زۆر بەروونی رایگەیاند لەسوریا شتێك نییە بەناوی پرسی كورد! 
ئەم لێدوانەی سەرۆكی سوریا یەكەم لێدوانی راشكاوانەی رژێمی سوریایە لەبارەی پرسی كورد لەو وڵاتە، لەوە واوەتر گۆتی ئەو كوردانەی لەسوریا نیشتەجێن خەڵكی سوریا نین و هاتوون ئێمە رەگەزنامەمان پێداون! ئەمەش یەكەم لێدوانی لەو ئاستە كە ئاوێتەی تێگەیشتنی شۆڤینیە و لە دژی دووەم سەرەكیترین پێكهاتەی نەتەوەیی لە سوریا، هاوكات یەكەم لێدوانە كە هیچ تەمومژێكی لەبارەی تێگەیشتنی رژێمی سوریا سەبارەت بە كورد لەو وڵاتە نەهێشتەوە.
ئەو لێدوانەی ئەسەد لە بارەی دۆزی كورد ئەو تێگەیشتنەی پشتڕاستكردەوە كە لە سوریا شۆڤینیەتی عەرەبی دژ بە پێكهاتەی كورد لەسەر هەردوو ئاستی دەستەبژێری سیاسی و جەماوەریی بوونی هەیە، ئەو شۆڤینیەتەش بەرەنجامی كەڵەكەبوونی دەیان ساڵ كاركردن لەسەر كەلتوریی هەموو رەنگ و جیاوازییەكانی سوریایە.

چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د له‌گه‌ڵ ته‌له‌ڤزیۆنی روسیا 24

ئەو لێدوانەی بەشار ئەسەد رێك وەك ئەو لێدوانەی هەیسەم مالح یەكێك لە كەسە دیارەكانی نێو ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە چاوپێكەوتنێكی كەناڵی 9 كە بارەگاكەی لەتوركیایە، بەگاڵتەپێكردنەوە گۆتی « نە لەمێژوو نە لە جوگرافیای سوریا شتێك نییە بەناوی كوردستان!» گۆتیشی «ئەو كوردەی لە سوریا هەیە پێشتر لە توركیاوە هاتوون و لە لایەن سوریەكانەوە پێشوازیان لێكراوە وەكچۆن پێشوازی لەئەرمەن و چەركەس كراوە!» هەروەك ئەسعەد زوعبی كە سەرۆكی وەفدی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بوو بۆ جنێڤ، لە لێدوانێكدا بۆ رادیۆی ئۆریەنت لە 23ی ئاداری 2016 گۆتی «وڵاتانی زلهێز دەیانەوێ‌ خاكی سوریا بۆ كورد جیابكەنەوە كە لە 1%ی دانیشتوانی سوریا پێكناهێنن!! گۆتی؛ لە سەردەمی حافز ئەسەد كورد دەیانویست تەنها نوسراوێكیان دەستكەوێت كە بیسەلمێنێت ئادەمیزادن؟!» مەبەستی زوعبی لەم قسەیە كورد مرۆڤ نین، ئەم قسەیەش ئەوپەڕی بێڕێزیكردن بوو بەگەلی كورد. 

یەكێك لە گرفتە هەرە سەرەكییەكانی كورد لە سوریا روبەرووبونەوەی ئەو ئەقلیەتە شۆڤینیە عەرەبیەیە كە دەیان ساڵە كەڵەكە بووه

پێشتر دەگوترا رژێمی سوریا لەسەرخۆترە لە لێدوان لەبارەی پرسی كورد، هەمیشە دەگوترا بەراورد بەیەكتر، ئۆپۆزسیۆن شۆڤینیترە لە رژێمی سوریا! بەڵام ئەو لێدوانەی بەشار ئەسەد ئەو تێگەیشتنەی پوچكردەوەو دەشێت بڵێین وەكو یەكن!
یەكێك لە گرفتە هەرە سەرەكییەكانی كورد لە سوریا، روبەرووبونەوەی ئەو ئەقلیەتە شۆڤینیە عەرەبیەیە كە دەیان ساڵە كەڵەكەبووە، بەجۆرێك دەقی گرتووە جیاوازییەكی ئەوتۆ لەنێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن و شەقامدا نییە، بۆیە گەیشتنە رێككەوتن لەگەڵ رژێمی سوریا كاتێكی زۆری پێویستە، هاوكات ئەو جۆرە لێدوانانە ئەگەر و رێگاكانی بەردەم كورد بۆ گەیشتنە چارەسەر و رێككەوتن لە بارەی ئایندەی ئەو وڵاتە كەمتر دەكاتەوە، وادەكات هەمیشە كورد لە ئایندەی خۆی بترسێت و جگە لە دەستگرتن بە پشتیوانیی وڵاتانی زلهێز، رێگەیەكی دیكەی لە بەردەمدا نەمێنێتەوە، چونكە بۆ كورد چ ئۆپۆزسیۆن و چ رژێم هەمان تێگەیشتنیان سەبارەت بەمافی كورد هەیە، تەنانەت لە دەربڕینەكانیاندا هەمان رستە و دەستەواژەی شۆڤینی بەكاردێنن وەك ئەوەی لەیەك بەرەدابن و كوردیش لەبەرەی بەرامبەر.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ