تایوان دەکەوێتە دوورى 81 مایل لە دوا خاڵی وشکانى وڵاتى چین و نێوانیان ئاوه، بەهۆکارى نزیکی و ژمارەى گەشتەکانى نێوان ئەم دورگەیە و دراوسێ مەزنەکەى چین، هەروەها هەبوونى ژمارەیەکى زۆر هاوڵاتى تایوانى ئیشکەر یاخود دانیشتوی ئەو وڵاتە، وا چاوەڕوان دەکرا کە ڤایرۆسى کۆرۆنا زیانى گەورە و کاریگەر بەو وڵاتە بگەیەنێت، بەڵام سەرەڕاى هەموو ئەو هۆکارانەى باسکران، تایوان توانیویەتى زۆر سەرکەوتوانە بەر لە بڵاوبوونەوە و تەشەنەسەندنى ڤایرۆسەکە بگرێت.
بەپێى ماپى ( جۆن هۆپکین ) کە ماپێکى جیهانیە بۆ خستنەڕووى ئامارى توشبووانى ڤایرۆسى کۆرۆنا، تایوان بە پلەى حەڤدەیەم دێت لە جیهاندا لە رووى کەمى ژمارەى توشبوون و مردن کە تەنها ٤٥ کەیس تۆمار کراوە و یەك کەس گیانى لەدەستداوە، بەراورد بە دراوسێ ئاسیاوییەکانى وەك کۆریاى باشور کە بە پلەى دووەم دێت لە دواى چین، كه 4787 کەیسى تۆمارکردووە، بە دوایدا ئێران دێت کە زیاتر لە 7161 توشبووى تێدا تۆمارکراوە.
تایوان بە پلەى حەڤدەیەم دێت لە جیهاندا لە رووى کەمى ژمارەى توشبوون و مردن كه تەنها یەك کەس گیانى لەدەستداوە
کاتێك ڕێکخراوى تەندروستى جیهانى (WHO) بڵاوىکردەوە کە چەندین کەیسى نادیارى هەوکردنى سییەکان لە شارى وهانى چین تۆمارکراوە، بەرپرسانى تایوان ڕاستەوخۆ زۆر ڕێوشوێنى توندیان گرتەبەر، کە سەرەتا لە فرۆکەخانەکانەوە دەستیپێکرد بە تایبەت گەشتە ڕاستەوخۆکان کە لە شارى وهانەوە دەهاتنە تایوان بە مەبەستى دۆزینەوەى نیشانەکانى نەخۆشیەکە لە ناو ههموو سەرنشینەکان، ئهوانهی کە گومانى هەڵگرى فایرۆسەکەیان لێ دەکرا پشکنینی ٢٦ جۆرى ڤایرۆسیان بۆ دەکرا لە نێویشیاندا ( SARS وMERS). لە کاتى هەبوونى هەر نیشانەیەکیش ئەوا لە شوێنى تایبەت یاخود ماڵەکانیاندا کەرەنتین دەکران بۆ ماوەى زیاتر لە ١٤ ڕۆژ.
لە پاش سەرهەڵدان و بڵاوبونەوە ڤایرۆسى (SARS) حکومەتى تایوان ناوەندى ڕێنمایی تەندروستى نیشتمانى (NHCC) دامەزراند کە بووە بەشێك لە ناوەندى چارەسەرکردنى کارەساتەکان کە خاڵى سەرەکى پەیوەندی و گفتوگۆى ڕاستەوخۆیە لە نێوان لێپرسراوان و هاوڵاتیان، هەر بۆیە لە کاتى سەرهەڵدانى ئەم ڤایرۆسی كۆرۆنایهش ئەم ناوەندە ڕاستهوخۆ کەوتە کار و چەندین ڕێسا و ڕێکار و ڕێنمایی تایبەت بەم مەبەستەى كارا کرد.
بەشێوەیەکى چڕ چەند ڕێکارێکى گرتەبەر کە لە 124 خاڵدا داڕێژراوە ئەوانیش: کۆنترۆڵکردنى سنورە ئاویى و ئاسمانی و گەشتەکان بۆ دۆزینەوەى کەیسى توشبووان، دابینکردنى پێداویستى تەندروستیى وەك .. ماسک و شوێنى پێویست بۆ کەرەنتین و ئامێرى تایبەت و پێشکەوتوو بۆ پشکنین.
جێگاى باسە کارگە خۆماڵییەکانى تایوان ڕۆژانە 4 ملیۆن ماسك دەخەنە بازاڕەوە، هەروەها بۆ گرانکردن و شاردنەوەى هەر بەرهەمێکى خۆپارێزیى حکومەت سزاى توندى بەندکرن و سەرپێچى داناوە، ڕێکارى کۆمۆنیکەیشنى تایبەت بە دامودەزگاى حکومى و خزمەتگوزاریى و پەروەردەیى و خوێندنى باڵا.
حکومەتى تایوان هەر زوو هەموو ئەو داتا و زانیارییانەى هاوڵاتیان و کۆچکبهرانى ناو وڵاتەکەى خستەبەردەست بۆ لێکۆڵینەوە و دۆزینەوەى هەڵگرانى ڤایرۆسەکە، بەمەش تاکتیکى (Quick Response) بەکارهێنا بۆ پێدانى ڕاپۆرتى بەپەلە و سکانکردنى کۆدى هەر گەشتیار و سەردانیکەرێك کە گومانى توشبوونى لێ دەکرێت بە گوێرەى کات و شوێنى گەشتەکەى.
هەر زوو پارتە سیاسییهکانى تایوان ناکۆکیى و ململانێکانیان وەلا ناو پێکەوە ئامادەى کارى هاوبەش بوون
هەر زوو پارتە سیاسییهکانى تایوان ناکۆکیى و ململانێکانیان وەلا ناو پێکەوە ئامادەى کارى هاوبەش بوون و کەوتنە هۆشیارکردنەوەى لایەنگران و هاونیشتمانان.
خۆشبەختانە کاتێك ڕێکخراوى تەندروستى جیهانى (WHO) بە فەرمى زانیارى لە بارەى تەشەنەکردنى ڤایرۆسەکە بڵاوكردهوه، کە کاتێکى زۆر کەم مابوو بۆ ئاهەنگێڕانى ساڵى نوێى لونار یاخود ساڵى نوێى چینى ( Lunar New Year) کە دەکەوێتە ٢٥ ى کانونى دووەم، کە ساڵانە ملیۆنان کەس لە نێوان تایوان و چین بهو بۆنهیهوه گەشت ئەنجام دەدەن، بۆیه ئاگادارییه پێشوهختهكهی رێكخراوهكه وایكرد گهشتهكان رابگیرێن، كه هۆكارێكی سهرهكی بوو بۆ پاراستنی تایوان تاوهكو له چینی هاوسێیهوه كۆرۆنای بۆ نهگوازرێتهوه.
سهرچاوه...
https://healthpolicy.fsi.stanford.edu/content/about-stanford?fbclid=IwAR3evm4c0wUH3CNknz70VayLLfs-XZ9TzHAaEM3ucccV4sG7Ak8EBRm58zQ