حه‌ماس و ئیسرائیل.. دیوى شاراوه‌ی جه‌نگه‌كه‌

ره‌نج نه‌وزاد 2023.10.08 12:14 AM
955 جار خوێندراوەتەوە

ره‌نج نه‌وزاد

 نوسه‌ر

بەپێی ميديای ئيسرائيل و لێدوانە فەرمييەکان لە ١٩٧٣ەوە ئيسرائيل ڕووبەڕووی هێرشی وا گەورە و کاريگەر نەبووەتەوە و، بۆ یەکەمجار لەو کاتەوە، ئيسرائيل بە فەرمی جەنگی ڕاگەياند و ناتانياهۆ بە ڕوونی وتی ئيسرائيل لە دۆخی جەنگەدایە.
ئەم چالاکييەیی ئەمجارەی فەلەستينييەکان جياوازە، چونکە تەنيا لە ڕێگەی موشەکەوە ئەنجام نەدراوە، یاخود هێرشێک بۆ سەر چەند ئيسرائيليەک یان تەقينەوە... بەڵکو هێرشێکی پلاندارێژراو و سەربازی بووە. چەکدارە فەلەستينييەکان توانيويانە بچنە ناو هەندێک ناوچە کە ئيسرائيل بە خاکی خۆی دەزانێت، ئەو ناوچانەیان کۆنتڕۆڵ کردوە و سەرباز و مەدەنييەکی زۆری ئيسرائيلی کووژراوە و بريندار و بەديلگيراوە. هەر بۆیە ئيسرائيل بە پەلە دۆخی جەنگی ڕاگەياند، نەک ئۆپراسيۆنی سەربازیی تايبەت وەک جارەکانی پێشوو.
لە دەرەوەی هاش و هوشی ميدياکان و سۆشيال ميديا، کە هەندێکیان بە جيهاد و بە سەرەتای کۆتایی هاتنی ئيسرائيلی دادەنێن (زۆربەی جيهانی ئيسلامی)، یا ميدياکانی بەرەکەی تر کە تەنيا بە کارێکی تيرۆريستی دەزانن. لەم جۆرە جەنگانەدا دوو خاڵ گرنگە لەبەرچاوبگيرێت:
١. جەنگەکە تەنيا لە نێوان ئيسرائيل و فەلەستينييەکان نييە، بەڵکو هاوکێشەیەکی سياسی فراوانترە. ئێران یان دەستی تيا هەبووە یان دەستی تيا دەبێت. ئەمريکا بە پەلە پشتگيری خۆی ڕاگەياند بۆ ئيسرائيل. پەيوەندی بە ئەگەری ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان سعوودييە و ئيسرائل هەیە. لەوانەیە پەيوەندی بەو دەنگۆیانەوەيش هەبێت کە ئەمريکا و ئێران دەستيانکردوەتەوە بە دانوستانەکانيان. هاوکات پەيوەندی بە دۆخی سووريا و ئێرانەوە هەیە. دەکرێت هەندێک لایەنی ناو سووريا و لوبنان و عيراقيش تێوەبگلێن لە ئەگەری درێژبوونەوەی ماوەی جەنگەکە.

جێبێكی سه‌ربازیی ئیسرائیل به‌ ده‌ست فه‌ڵه‌ستینییه‌كانه‌وه‌

٢. لە ئەدەبياتی هاوچەرخی زانستی سياسەت و پەيوەندييە نێودەوڵەتييەکاندا تیۆری ناهاوسەنگی (asymmetry theory) یەکێکە لەو تيۆرييە گونجاوانەی کە دەتوانێت تەفسيری ئەم جۆرە جەنگ و پەيوەندييانە بکات کە لە نێوان دوو بەرەن، دانەیەکی بەهێز و گەورە و ئەوی تر کەم هێز و بچووک. ئيسرائيل بەرەی گەورە و بەهێزەکەیە، فەلەستين بەرەی لاواز و بچووک. لەم جۆرە پەيوەندييەدا (لە کاتی جەنگ)، ئەوا نيمچە مەحاڵە لایەنی لاواز بتوانێت بەشێک لە خاکی لایەنی بەهێز بگرێت بۆ ماوەیەکی درێژ. لایەنی لاواز تەنيا دەتوانێت هەندێک گورزی سياسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی لە لایەنی بەهێز بدات. هەرگيز ناتوانێت لایەنی بەهێز لەناو ببات، یان لە ڕووی ستراتيژييەوە لێێ بباتەوە. لەبەرامبەردا لایەنی بەهێز دەتوانێت لایەنی لاواز داگيربکات و کاولی بکات و هەڕەشە لە بوونی بکات. کەواتە فەلەستين ناتوانێت ئەو ناوچانەی کە ئێستا گرتویەتی، تيايدا بمێنێتەوە. لێرەوە، دەتوانين بڵێين لە دوای جەنگەکە، ئەوا خاکی ئيسرائيل یان وەک خۆیەتی، یان زیاتر بووە، لەبەرامبەردا خاکی فەلەستينييەکان یان وەک خۆی دەمێنێتەوە (کە زۆر بچوک کراوەتەوە) یا بچوکتريش دەبێتەوە. هاوکات لە دوای جەنگەکە، ئەوا ژمارەی کووژاو و بريندارانی فەلەستينييەکان زیاترە، شارەکانيان زیاتر کاولکراوە، بە براورد بە ئيسرائيلييەکان. بەکورتی فەلەستينييەکان ئەوپەڕی دەتوانن قەبارەی زیان گەياندن بە ئيسرائيل گەورەتر بکەن.

نه‌ته‌نیاهۆ هه‌ڕه‌شه‌ی سڕینه‌وه‌ی غه‌ززه‌ی كرد

پلانێکی حەماس بۆ سنووردارکردنی وەڵامەکەی ئيسرائيل و، هەر وەها بۆ سازشکردن بە ئيسرائيل بۆ ڕاگرتنی جەنگەکە، بريتييە لەو ژمارە ئيسرائيلييەیی کە ديلکراون لە لایەن فەلەستينييەکانەوە و گواستراونەتەوە بۆ غەزە، دەکرێت ئازاد کردنی ئەو دەست بەسەرکراوانە بکاتە مەرج بۆ ڕاگرتنی جەنگەکە و سازشکردن بە ئيسرائيل. جارێ ڕوون نييە ئایا ئيسرائيل چۆن دەڕوانێتە ئەو پرسە. بەڵام بە گشتی پلانێکی زيرەکانە ديارە. بە پێی ئەو تيۆرييەیی سەرەوە، لایەنی لاواز ئەم جۆرە پلان و پيلان و تەکتيکانەی هەیە کە هەندێک کات لایەنی بەهێز ناچاری سازشکردن دەکات.
ئەگەر جەنگەکە ماوەیەکی درێژ بخایەنێت، لێکەوتەی چاوەڕواننەکراوی دەبێت لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی. ئەگەر بەرەی ئێران هاوکاری زۆری فەلەستين بکەن، ئەوا ئەمريکا ئەگەر ڕاستەوخۆش دەستێوەردان نەکات بۆ هاوکاری ئيسرائيل، ئەوا ناڕاستەوخۆ هەموو هاوکارييەکی ئيسرائيل دەکات.
یەکێک لەو هەڵانەی کە لە تێڕوانينی مسوڵمان و عەرەب بە گشتی و فەلەستينييەکان بە تايبەتی هەیە، ئەوەیە کە پێيانوایە ئيسرائيل ئامادەی شەڕ و جەنگی ماوە درێژ نييە، چونکە تێچوونی جەنگ لە ڕووی داراييەوە زۆر بەرزە بۆ ئيسرائيل بە براورد بەوەی فەلەستينييەکان. یان پێيانوایە کووشتنی ئيسرائيلييەک زۆرە و بەڵام کووشتنی دەیان فەلەستينی هيچ نييە.

جێبێكی سه‌ربازیی ئیسرائیل به‌ ده‌ست فه‌ڵه‌ستینییه‌كانه‌وه‌

ئەم تێڕوانينە لە ڕووی نەستەوە، شکستێکی فکری و ئەخلاقی و دەروونييە بۆ نەيارانی ئيسرائيل. جگە لەوەش، خودی تێڕوانينەکە لەگەڵ واقع و مێژوو ناگونجێت و هەڵەیە، هيچ وڵاتێکی عەرەب و مسوڵمان نييە بە ئەندازەی ئيسرائيلييەکان ئامادەی شەڕ و جەنگ بن. ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ میژوو و وردەکاری زۆربەی جەنگ و پێکدادانە سەربازييەکانی ئيسرائيل لەگەڵ فەلەستين و عەرەب، دەردەکەوێت زۆر کات ئيسرائيل خۆی شەڕی فڕۆشتووە و دەستپێشخەری کردوە. مانەوە و بەهێزبوونی ئيسرائيل لە ٤٨ەوە تا ئەمرۆ و سەرکەوتنی بەسەر هەموو نەيارەکانيدا، دوو ئاماژەی گرنگی تيایە؛ یەکەم، ئيسرائيل هەموو کات لە ڕووی هێز و زانست و مرۆییەوە ئامادەی شەڕ و جەنگە. دووەم، هەبوونی چەندين هەڵە و لاوازیی لە تێڕوانين و تێگەيشتنی نەيارەکانی ئيسرائيل بۆ ئەو دەوڵەتە.
لای بەشێکی زۆری کورد و عەرەب سياسەت زیاتر حەماس و هەڵچوون و هاش و هوشی ميديا و سۆشيال ميديایە. لە جەنگێکی لەم جۆرەدا، بردنەوە بۆ فەلەستينييەکان ئەوەیە خاکە داگيرکراوەکەی خۆیان (وەک خۆیان دەڵێن) بەدەست بهێننەوە. جگە لەوە دەکرێت ناوی لێبنرێت گورز وەشاندن و زیان گەياندن بە بەرامبەر، نەک بردنەوەی جەنگ. ئەم جۆرە تێڕوانينە زۆر کات لە مێژووی بزوتنەوەی رزگاريخوازی کورددا ئامادەیە، کاتێک حيزبێک یا گروپێکی کوردی گورز لە داگيرکەران دەدەن، بەسەرکەوتنی دەزانن، لە کاتێکدا شارە کوردييەکان داگيرکراوە. فەلەستينييەکانيش هەر لە ئێستاوە بۆ دوای جەنگەکەش خۆیان بە براوەی جەنگەکە دەزانن. بە بێ ئەوەی یەک بست خاکی خۆیان زیاد بکەن و خاکی ئيسرائيل کەمبکەنەوە.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ