شیكردنه‌وه‌یه‌كی زانستیى و بابه‌تیانه‌

زمانی جەستەی دوو سەرۆک و جێگرەکانیان

هاوکار ڕەفیق ره‌حمان 2019.08.10 07:18 PM
2166 جار خوێندراوەتەوە

هاوکار ڕەفیق ره‌حمان

به‌كالۆریۆس له‌ زانسته‌ سیاسییه‌كان
ڕاهێنەری باوەرپێکرای زمانی جەستە لە پەیمانگەی ئەمریکی بۆ فێرکردنی جێبەجێکاری و ڕێکخراوی (NLP) بۆ ڕاهێنان و ڕاوێژکاریی.
خاوەنی کتێبی وەرگێردواو بە ناونیشانی: (کاریگەری زمانی جەستە لە دانوستانە سیاسیەکاندا).
خاوەنی پاکێجی ڕاهێنەری بە ناونیشانی: (nonverbal communication).

ئێمەی مرۆڤ زمانی جەستەمان بەرزتر لە وشەکان دەدوێت، لە کاتی بێدەنگی و بیرکردنەوەشدا قسە دەکەین، لەم کاتەدا ئەندامەکانی جەستەمان دێنە دەنگ، لە دۆخێکی لەم شێوەیەدا شێوازی وەستانمان، زمانی ڕوخسار و چاومان، دەست و قاچ و سەرجەم جوڵە و بزاوتەکانمان، زۆر بڵیی دەکەن و بە دەنگێکی جیاوازتر لە وشەکان دەدوێن، (ئیمرسۆن) لە خۆیەوە ناڵێت:"زمانی جەستەتان هێندە دەنگی بەرزە ناتوانم وشەکانتان ببیستم"، هاوشێوەی ئەم وێنەیەی هەیە.

ئێمە بەشێوەیەکی زانستی و بابەتیانە، شیکاری بۆ ئەم وێنەیە دەکەین، کە پێک هاتوون لە بەڕیزان مه‌سرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و قوباد تاڵه‌بانى جێگری، د.رێواس فایه‌ق سەرۆکی پەرلەمان و  جێگرەکانی هێمن هه‌ورامی و مونا قه‌هوه‌چی، لای ڕاستەوە دەستپێدەکەین:

وێنه‌ی یادگاریی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و حكومه‌ت له‌ به‌رده‌م باڵه‌خانه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ـ 2019.8.7

 

یەکەم / مونا قەھوەچی:

ڕوخسارێکی بێ بزە و جەستەیەکی نائامادە بۆ وێنەگرتن، وەک ڕۆتینێک ئەم پرۆسەی وێنەگرتنە دەبینێت، دەبوو دوری قاچەکانی بەقەدەر دووری شانەکانی بوایە (باشتر بوو هەموویان بەو چەشنە بونایە بێجگە لە سەرۆکی حکومەت!). وا دەردەکەوێت کیشی جەستەی زیاتر لەسەر قاچی ڕاستی بێت و خۆی بەلای ڕاستدا خستبێت، هەروەها دەستەکانی ستونی بەرداوەتەوە، ئەمە دۆخێکی ئەرێنیە، بەلام نوشتانەوەی پەنجەکانی دەستی ڕاستی و گرتنی مۆبایلەکەی بە دەستی چەپی، دۆخی نەرێنی و قەلەقی دەخاتەڕوو، بەلام بەگشتی کە لێی دەڕوانی دەتوانی لەوە تێبگەی لاواز  نیە و لە دۆخی خۆی ڕازییە.

دووەم / هێمن هەورامی:

بە سنگێکی بەرزو دەستێکی داخراوەوە دەردەکەوێت. باشتر دەبوو دەستەکانی تەواو کراوەبونایە، لە پشتی دەستە داخراوەکانیدا، هەستێکی داخراویش خۆی حەشارداوە!، بەلام بە دەرپەراندن و بەرزپیشاندانی سنگی دەیەوێت پێمان بلێت من بەهێز و خاوەن متمانەم، بەس دیارە ئەم جولەیە خۆوستانەیە. هەروەها هەر یەکێک لە ئاراستەی پێکانی بەلایەکدایە، باشتر بوو هاوسنگ بوایە، بەم ئاماژەیە پێمان دەلێت بەشێک لەبیرکردنەوەی بەرەو سەرۆکی حکومەت و بەشەکەی تری بەرەو لای خاتوو مونایە.  دەتوانین بلێن لە دۆخێکی نەرێنی و لاوازدا نیە، بەلام متمانەی بەرزیشی تێدا نیە، چونکە بەشێکی خۆڕێکخستنەکەی نواندنە.

سێیەم / مەسرور بارزانی:

پڕ متمانە و بەهێز دەردەکەوێت، لە ڕوخساردا ئەگەر بزەش نەبێت، بەلام دەرخەری ئەوەیە  پێشتر لە دۆخێکی شادیهێندابووە، لە چەقی ستراتیژیدا وەستاوە، دوان لای ڕاست و دوان لای چەپ دەوریانداوە. بەردانەوەی دەستەکانی بە ستوونی تەواو ئەرێنین، باشتر دەبوو ئاراستەی پێکانی وەک پێکانی هێمن هەورامی بوایە، بۆ ئەوەی بێلایەنی خۆی بپارێزیت، لە ئیستادا ئاراستەی پێی ڕاستی، زیاتر بەرەو لای سەرۆکی پەرلەمان و  جێگرەکەی خۆیی ڕۆشتوە (زیاتریش بەرەو لای قوباد تاڵەبانیە وەک ئەوەی  لای باشتربوو ئەو دەستە ڕاستی بوایە!)، ئەمەش واتای ئەوەیە بیرکردنەوەی زیاتر بەلای ئەواندایە، کە ئەمەش بێلایەنیەکەی شێواندوە. بەگشتی زاڵ و خاوەن متمانە دەردەکەون. جۆرێک وەستاوە وەک ئەوەی هەمووشتەکان لەژێر کۆنتڕۆڵی خۆیدابێت.

رێواس فایه‌ق ته‌وقه‌ له‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانی ده‌كات ـ 2019.8.7

 

چوارەم / ڕێواس فایەق:

پاشماوەی دڵخۆشی لە روخساریدا ماوە، دوای سەرۆکی حکومەت باشترین جێگەی ستراتیژی هەیە، باشتربوو جێگری سەرۆکی حکومەت لای دەستە ڕاستی سەرۆکی حکومەتەوە بوایە، شێوازی دەستگرتەنەکەی، نافەرمی و کلاسیکە، زۆرتر ئەم کەسانە وا دەستدەگرن، کە لە ئاپۆرایەکی قەرەباڵغدا چاوەروانی وەرگرتنی خەڵاتن، یان لە پرسەدا وەستاون، یان ئەو کەسانەی لەبەردەم سەرۆکەکەیان دەوەستن، یان (دەشێت خووی بەم جۆرە دەستگرتنەوە گرتبێت) بەگشتی واتای ڕەزامەندی، گوێرایەلی، ڕێزو پێزانین دەگەیەنێت. بێجگە لەوە جانتاکەی  لەسەر زەوی داناوە، ئەمە  لە ڕووی ئەتەکێتەوە، هاوشێوەی مۆبایلی جێگرەیەکەی نەگونجاوە!، قەبارەی جانتاکەش دیسانەوە قسە هەڵدەگرێت، لە کاتیکدا لە کاتی تەوقەکردنیش لەگەڵ سەرۆکی حکومەت، جانتاکەی دیسانەوە بە زەقی دەردەکەوێت، بە گشتی بەرێزیان هەست بە شانازی دەکەن، نەجیب دەردەکەون، بەلام دەرهاویشتەکانی زمانی جەستەیان خاڵی ئەرێنی لە (هێز، متمانە و کرانەوە) نابەخشن.

پێنجەم / قوباد تاڵەبانی:

کز و بێتاقەت لە لاوازترین ناوچەی ستراتیژیدا وەستاوە. بەهێزتر دەردەکەوت کە لای دەستە راستی سەرۆکی حکومەتەوە بوایە، بەم پێیە بێت لە ڕووی شوێنەوە سەرۆکی پەرلەمان بەهێزترە!، دەستە تێکئاڵاوەکانی بەریزیان،  ئەگەر زەردەخەنەی لەگەڵدابوایە و روخساری گەش بوایە، دەمانتوانی بلێن دلخۆشە و ئارام و خاوەن متمانەیە، بەلام لە ڕاستیدا دەستە بەیەکداچووەکانی  وێنەی ڕوخسارە بێتاقەتیەکەی کێشاوە، ئەمە بێزاری و سترێس پێشان دەدات. دیسانەوە هاوشێوەی ئەوانیتر گرفت لە ئاراستەی پێکانیدا هەیە، قاچی جەپی پەلەکردن و ئامادەیی بۆڕۆشتن پێوەدیارە. 

كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و حكومه‌ت ـ باڵه‌خانه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ـ 2019.8.7

 

دەرئەنجام

 ناتوانین بلێن هیچیان لە خۆی خراپ و پڕ لاوازیدان، بەلام دەتوانین درک بە کۆمەلێک پەیامی ڕوون بکەین، وەک ئەوەی ڕوونمانکردەوە، مەودای نێوان دوو جێگرەکەی پەرلەمان و سەرۆکی حکومەت، هیچ بۆشاییەکی تێدا نیە، ئەم یەکتر نزیکبونەوە بە ئاستی بەریەککەوتنی تەواو، نیشانەی پەیوەندی گەرم و هاورییەتی نێوانیانە، وەک تیمێک دەرردەکەون، پێچەوانەی دەستەڕاستی سەرۆکی حکومەت، کە لەگەڵ خاتوو ڕێواس، بەریەککەوتنی نییە (دەشێت ئەمە بۆ جیاوازی ڕەگەزی و تێگەیشتی خودی بگەڕێتەوە)، بەڵام بۆشایی لەگەڵ قوباد تاڵەبانی هەیە، ئەمەش پەیام دەنێریت، باشتر دەبوو بەلایەنی کەمەوە خۆیان شانیان بەریەکتر بکەوتایە.

بێجگە لەوە بە ڕوونی پێیانەوە دیارە کە وەک میوان دەردەکەون، بەڵام  سەرۆکی حکومەت و دوو جێگرەکەی سەرۆکی پەرلەمان، وەک خاوەن ماڵ دەردەکەون. بەگشتی لەم وێنەیەدا شێووازی وەستان و دەستگرتن وڕوانینی سەرۆکی حکومەت باشترینی هەمویانە. دەبێت ڕاستیەکی گرنگ لەبەرچاوبگرین، کە خوێندنەوە بۆ دیمەنی لەم شێوەیە کە بەبێ ئاگا نەگیراوە و خۆیان ئامادەکردنوە بۆ وێنەگرتن، زۆرکات وادەکات جولە و بزاوتەکان خۆوسیتانە بێت و ئەو پەیامە نەگەیەنێت کە لە هزری کەسەکەدایە، ئێمە هەولمانداوە ئەم ئاستەنگە تێپەڕبکەین.



 
  



دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ