كەوتوونەتە وێزەی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌

زانكۆی هەڵەبجە و وتاری پۆپۆلیستی

ئیسماعیل عوسمان 2020.01.10 11:18 PM
628 جار خوێندراوەتەوە

ئیسماعیل عوسمان

رۆژنامه‌نووس 
مامۆستای زانكۆ
ماسته‌ر له‌ كلتور و میدیا ـ زانكۆی تاران

دوای ئاشكراكردنی ریزبەندی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان، گەرانەوەی زانكۆی هەڵەبجە بۆ گروپی دی، وتارێكی پۆپۆلیستی زۆر خراپ لەناو سۆشیال میدیا و فەزای مەجازی یان بەقەولی هایدگەر حەرەمی خسوسیەكانی كەسایەتیەكانی هەڵەبجەیەكان و رۆشنبیر و رۆژنامەنوسەكاندا تەنانەت مامۆستایانی زانكۆی هەڵەبجەدا دروستبوو، وتارێك كە خەریكی بەوەهمكردنی مەعریفە و بچوككردنەوەی زانكۆی هەڵەبجەن، ئەمە ئەگەرچی هەڵەیەكی كوشندەیە گەورەیە، لەهەمان كاتدا شكاندنی حەرەمێك كە هەموو هەڵەبجەیەك لەهەركوێ دونیا بێت پێویستە شانازی پێوەبكان و تێدا چونكە چەندین نەوەی جیاواز لەم حەرەمەدا گەورەبون و گەورەش دەبن.
ئەگەر لەدیدگای كۆمەڵناسی شارەوە لێبروانین، زانكۆی هەڵەبجە بە زاكیرەی مەعریفی شارێك دادەنرێت، شارێك وەك چۆن رۆژانێكی خاوەنی سینەما و مۆسیقا و ئەدەب و مەعریفە بووە، خاوەنی هونەری رەسەنی كوردی بووە، خاوەن و لانكەی بیری سیاسی و و ئەدەبی بووە، خاوەنی مۆسیقا و گۆرانی و سیاچەمانە بووە، خاوەنی نالی و سالم و گۆران و تەنانەت بێكەسیش بووە، خاوەنی ئەحمەدموختار و  عادیلە خانم، بنەماڵەكانی جاف و گۆران و تەریقەتی نەقشبەندی بووە، خاوەنی مەدرەسەو خانەقاكانی بیارەو تەوێڵە بووە، خاوەنی شارستانیەتی مۆدێرنی ئەو سەردەمەو بووە، سەرەرای ئەوەی خاوەنی چەندین كەلتوری وەك (كاكەییەكان و گۆران و جولەكە )بووە... ئێستا هەموو ئەمانە بوونەتە مێژوو هەمووان شانازیان پێوە دەكەن. 

كۆمەڵێك خەڵكی لێرە و لەوێ كەوتوونەتە ویزەی ئەم زانكۆییە لەهەموو شوێنەكەو خەریكی تفەنگ تێگرتنینی

ئەمرۆش كە خاوەنی ناوەندێكی مەعریفەی مۆدێرنە كە زانكۆی هەڵەبجە، پێویستە رەمزی مەعریفی و سەرمایەی زانستی هەموومان بێت،  سەنگەری بەرگری و پارێزگاریكردنی مەعریفەی هەموو لایەك بێت.
بیرتان بێت، زانكۆی سلیمانی خەڵكە دڵسۆزەكانی ئەو شارە خستیانە سەرپی، ئەو خەڵكانەی خۆبەخش هاتن كاریان كرد، زانكۆییەیان وەك كەلتوری نەتەوەیی خۆیان پاراست و پەروەردەیان كرد، تەنانەت لە دوای 1991 وە بەشێكی زۆری لە سیاسیەكانی هاوكاری سەرەكی بوون بۆنموونە (نەوشیروان مستەفا) لەنیو حەرەمی ئەم زانكۆییدا وانەی بە خوێندكارانی راگەیاندن وتووە.
بەڵام بەداخەوە، ئەمرۆ دوای چەند ساڵێك لە دروستبوونی ناوەندی ئەكادیمی وەك زانكۆی هەڵەبجە، كۆمەڵێك خەڵكی لێرە و لەوێ كەوتوونەتە ویزەی ئەم زانكۆییە لەهەموو شوێنەكەو خەریكی تفەنگ تێگرتنینی، هەموو رەخنەكانیشیان ئاراستەی حزب و دەسەڵاتی سیاسی دەكەنەوە، ئەمە لەكاتێكدایە زانكۆی هەڵەبجە هی هەموولایەن و هەموو حزبێكە، دواجاریش هی هەڵەبجەیەكانە، ووتەیەكی كاك فاروق رەفیق لەیادە كە رۆژێكیان لە بزوتنەوەی كۆمەڵایەتی خوێندكارانی 17 شوباتدا بوون، ووتی" ناكرێت  حزب و حكومەت بكەینە عەلاگەیەك و هەموو كێشە و رەخنەو كەموكورتیەكانی خۆمانی پێدا هەڵبواسین...".

زانكۆی هەڵەبجە هی هەموولایەن و هەموو حزبێكە دواجاریش هی هەڵەبجەیەكانە

خراپتر و مەترسیدارتر لەوەش ئەوەی كە خودی ژمارەیەكی زۆر لە مامۆستایانی زانكۆی هەڵەبجەن، بوون بە بەشێك لەو شەپۆلەی كە لە فەزای مەجازیدا دەگوزەرێت خەریكی گرنگیدانن بەو وتارە پۆپۆلیستیانە! ئەمە لەكاتێكدایە خۆیان بەدەنەی سەرەكی ئەم دامەزراوە زانستیەن، پێویستە پێش هەموو كەس لە خۆیان بپرسن بۆچی؟ چۆن؟ زانكۆی هەڵەبجەیان گەیاندووەتە ئەم قۆناغە؟! پێش هەموو شت پرسیار لە مەعریفەی خودی و پاشانیش مەعریفەی زانستی زانكۆ  بكەن.
لەدوای راگەیاندنی ئەم پێشبركێ زانستییە، دەبوو مامۆستایانی زانكۆ پێش هەموو كەس بیریان لە دروستكردنی تیم ۆرك بكردایە بۆ ئەوەی بەهەموولایەكەوە بیانتوانیایە زانكۆی هەڵەبجە پاشەكشی مەعریفی رزگار بكەن، نەك بەتفەنگەكانیان لەسۆشیال میدیایدا خەریكی قسەكردنی نا ئەكادیمی بن!
هەربۆیە پێویستە هەموومان لەهەركوی دونیابین ئەگەر رۆحی و عەقڵ و مەعریفەی هەڵەبجەمان دەوێت، بەگرنگ و بەرپرسیاریەتیەوە لەم قۆناغە بروانین هەریەك و لای خۆیەوە (بە بیر و هزی تیژ و هێزی باز توانستی مەعریفی) كار لە سەر گەشەپێدان و بونیادنانەوەی زانستی ئەم حەرەم و دامەزراوە زانستیەبكەین واز لە وتاری پۆپۆلیستی بێنین، تفەنگەكانمان لە فەیسبوك دانێنن و بێنە مەیدان!


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ