بلۆكی ئێرانی به‌رامبه‌ر بلۆكی سعودی ئیسرائیلیى

فەتح و سائیرون.. هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ و دابەشبوونی ماڵی شیعه‌

لاوان عوسمان عه‌لی 2021.09.29 07:07 PM
1699 جار خوێندراوەتەوە

لاوان عوسمان عه‌لی

نوسه‌ر
خوێندکاری بەشی سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ـ زانکۆی سلێمانی

بۆ هەڵبژاردنەکانی تشرینی ئەمساڵ دوو کوتلە گەورەکەی ماڵی شیعـیی ( البیت الشیعی) بە دوو ئاراستەی جیاوازدا ڕێگەیان بۆ یەک ئامانجی هاوبەش گرتووەتەبەر کە ئەویش بریتییە لە باڵادەستبوون و بوون بە خاوەنی قسەی یەکەم لە حکومەتی داهاتوودا! وێنەکە بەمجۆرە دابەشبووە: 
کوتلەی فەتح کە خۆی بە نمایندەی حەشـدی شەعــبیی دەزانێت (بە سەرکردایەتیی موعلەنی هادیی عامریی و ناموعلەنی نوریی مالیکیی) لەگەڵ هاوپەیمانەکانی دیکەیدا لە بەرەیەکن و سائیرونی موقتەدا صەدر و هاوپەیمانەکانی لە بەرەی بەرامبەردان! چارەنووسی سەرۆکایەتیی حکومەتی داهاتووش هەر لە دەستی ئەواندایە! ئەوە حیساباتی ئینتیخابیی و سیاسیی زۆر وردە کە دەشێت لە ساتێکی دیاریکراودا تای یەکێکیان بەرامبەر هی ئەوی دیکەیان سەنگیین بکات! 
ئەوەی زانراوە ئەوەیە کە چ موقتەدا و چ نوریی مالیکیی-ش هەردووک سەر بە یەک ئاراستە و بەرەن لە نێو هەرەمی حوکمی کۆماری ئیسلامییدا(بەرە ئیتیلاعاتییەکە نەوەک بەرەی شۆڕش) و هەرچیش رِووبدات لە کۆتاییدا هەردووک هەر لەسەر ئێران حسابن و لە فەلەکی ویدا دەخولێنەوە، بەڵام ئەوە هەندێک حساباتی شەخصیی و سیاسیی ناوخۆییە کە بەوجۆرە لێکی دوورخستونەتەوە! 

كوتله‌كه‌ی عامری و مالیكی سێبه‌ری ئێرانییه‌كانن

بەرەکەی عامریی و مالیکیی راستەوخۆ ئێرانیان لە پشتە، هەرچیی بەرەکەی صەدریشە خۆیان وەپاڵ ئیسرائیل و سعودیە داوە! ئەمە چۆن؟ بۆچی و چۆن دەبێت، موقتەدایەک کە چەند ساڵە درووشمی بەرەنگاریی دژ بە ئەمێریکا و ئیسرائیلی  بەرزکردبێتەوە کەچیی لە حیساباتی سیاسیی و ئینتیخابیی ئەمرۆدا لە بەرەی ئیسرائیل و سعودیە حساب بکرێت؟ چونکە: موقتەدا دەزانێت کەوا ئێران(رب البخل)ە، ئەو بەدەگمەن یارمەتیی ماددیی دۆستەکانی دەدات بەڵکو زۆرجار پارەشیان لێدەکێشێتەوە! 
لە بەرامبەردا بە توانا و قودرەتی خۆی لە ئەفسانەسازییدا کێیان بیەوێت بەڕێگە و میکانیزمی خۆیان دەیکەن بە ئەفسانە و خەرمانەیەک لە پیرۆزیی و مەعصومیەتی لەدەور دەکێشن، هەر وەکو چۆن قاسمی سولةيمانیان کرد بە ( ناپلیۆن پۆناپارتی شیـــعە)! لێ کەسێکی وەکو موقتەدا کە کوڕی کەسایەتیی و فەقیهێکی شیعیی بەناوودەنگی وەکو (محمد محمد صادق الصدر) و خاوەنی زیاد لە ملیۆنێک شوینکەوتووە لێرەدا هیچ پێویستی بە ئەفسانەسازییەکانی ئێران نییە، ئەو لە بەرامبەردا پێویستی بە پارەیە بۆ بەردەوامبوون لە ململانێکەدا، بۆیە ڕووی لە ئیسرائیل کردووە!
ڕەنگە کەسێک بپرسێت چما یەهود بەوە نەناسراون کە (ابخل من على الارض)ن؟
بەڵێ ڕاستە. ئاخر خۆ ئیسرائیل لە گیرفانی خۆی یارمەتیی صەدر نادات بەڵکو کلیلی خەزنەی ئال سعودی پێدەدات و ئیدی ئەوە ئەوانن کە هەڵسوکەوت دەکەن! ئا لێرەوەیە کە من وتم موقتەدا صەدر لە حیساباتی ئینتیخابیی ئەمرۆدا لە سەر بەرەکەی ئیسرائیل و سعودیە حسابە!
لە سەرەتای ئەم وتارەدا گوتم کەوا بەرەکەی بەرامبەر صەدر راستەوخۆ ئێرانیان لە پشتە و هەردووک کەسایەتیی سیاسیی ( عامریی و مالیکیی) بە راستەوخۆ و ناراستەوخۆ واجیهەی ناسراو و دیاری ئەو بەرەیەن! 

سه‌در سووره‌ له‌سه‌ر دانانی سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتوو به‌ خواستی خۆی


لەلای زۆرێک لە لایەنگرانی حەشد  ناوی عامریی خەرمانەیەک لە پیرۆزیی بە دەورەوەیە بە حوکمی ئەوەی کە لە جەنگی دژ بە داعشدا ڕۆڵێکی گەورەی گێڕاوە بۆیە دەکرێت تەفسیرێکی مەنتقیی بۆ ئەو پێگەیەی کە عامریی ئەمرۆ لە نێو پاڵپشتانی حەشددا هەیەتی بکرێت، بەڵام مەتەڵ و ناڕوونییەکە لە رازینەبوونی حەشد و ئێراندایە بە دەستبەرداربوون لە کەسایەتییەکی شکستخواردوو و گەندەڵی وەکو نوریی مالیکیی کە بەرای زۆرێک لە شەقام هەر ئەو بەرپرسی یەکەمە لە روودانی نەهامەتییە گەورەکانی چەند ساڵی رابردوو!
ئەدی هۆکاری ئەوە چییە؟ لە دوای مردنی هەریەک لە سولەیمانیی و موهەندیس مەلەفی عێراق لە حیساباتی ئێرانییەکاندا گوازرایەوە بۆ لای (حزب الله) ی لوبنانیی و لە نێو ئەو حیزبەشدا درایە دەستی کەسێک بەناوی (محمد الكوثرانی) ئەم کابرایە خۆی یەکێکە لە کۆنە ئەندامانی حیزبی دەعوە (حیزبەکەی نوریی مالیکیی) لقی لوبنان! بۆیە من پێموایە کە هەر ئەمە هۆکاری هەرە سەرەکییە بۆ مانەوەی نوریی مالیکیی وەکو ژمارەیەکی قورس لە هاوکێشە سیاسییەکانی ئێراندا هەتا ئەمرۆ!
کەوابوو دەبێت چاوەرێ بکەین و بزانین ئاخۆ لای تەرازوو بەلای کام بەرەدا دەشکێتەوە؟ ئایا صەدر و ئەوانەی کە پشتیوانیی دەکەن گرەوەکە دەبەنەوە یاخود ئێران و دۆستەکانی؟


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ